بەغدا – INA – ئامنە سەلامی

وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پلانەکانی خۆی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، بەدیهێنانی خۆبژێوی و فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت ڕاگەیاند. جەختیشی کردەوە کە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵی گونجاون، هاوکات ئاماژەی بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسایەک کرد کە ئامانج لێی گەشەپێدانی کەرتەکە و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانە.

مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دیدگای وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی دەکاتەوە، بەتایبەتی لە بواری بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراکدا، ئەمەش لە ڕێگەی گرنگیدان بە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ڕوەکی و پڕۆژەکانی سامانی ئاژەڵ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی عێراق و گەیشتن بە خۆبژێوی لە کاڵا و بەرهەمە کشتوکاڵییە جیاوازەکاندا."

وتیشی: "وەزارەتی کشتوکاڵ هەوڵ دەدات هاوردەکردن لە دەرەوە کەم بکاتەوە و کار دەکات بۆ گرتنەبەری تەکنەلۆژیای نوێ لە ئاودێری و پاراستنی ئاودا، ئەوەش لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی جووتیاران بۆ بەکارهێنانی سیستەمە نوێیەکانی ئاودێری وەک (دڵۆپاندن، جێگیر و تەوەرەیی). جگە لە پشتیوانیکردن و بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە بواری بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە لە کشتوکاڵکردن، پیشەسازی و بەبازاڕکردنی کشتوکاڵیدا."

ڕوونیشیکردەوە کە "زۆربەی پارێزگاکانی عێراق خاوەنی بنەماکانی وەبەرهێنانی کشتوکاڵین و ژینگەیەکی لەبارن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، بەتایبەت بەهۆی زۆریی زەوییە کشتوکاڵییەکان، هێزی کاری لێهاتوو، توێژەران و پسپۆڕانی کەرتی کشتوکاڵ، هەروەها دابینبوونی ماددە سەرەتاییەکان و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان. جگە لەوەی یاسای وەبەرهێنان ئاسانکاری زۆری بۆ وەبەرهێنەران دابین کردووە."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە "وەزارەتی کشتوکاڵ پڕۆژەیاسایەکی تایبەتی بۆ (وەبەرهێنانی کشتوکاڵی) پێشکەش کردووە تاوەکو پەسەند بکرێت، کە ئەمەش ژینگەیەکی گونجاوتر و تایبەتتر بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی کشتوکاڵ دەڕەخسێنێت، لە جیاتی ئەوەی تەنها پشت بە یاسای گشتیی وەبەرهێنان ببەسترێت