بەغدا – INA

فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە توانیویانە هەوڵێکی قاچاخکردنی ٣٤ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر کە لە ڕێگەی باڵۆنێکی هەواییەوە دەگوازرایەوە، لە ناوچەی تەڕێبیل پوچەڵ بکەنەوە.

فەرماندەییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "مەفرەزەکانی فەوجی سێی لیوای شەشەمی پاسەوانی سنوور، هەوڵێکی قاچاخکردنی بڕێکی زۆر حەبی هۆشبەریان لە ڕێگەی باڵۆنێکی هەواییەوە لە تڕێبیل، لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار پوچەڵکردەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئۆپەراسیۆنەکە دوای ئەوە هات کە باڵۆنەکە لە ڕێگەی کامێرا گەرمبینەکانەوە بینراوە و خراوەتە خوارەوە؛ دوای پشکنین دەرکەوتووە کە ١٩٧ هەزار حەبی هۆشبەری لە جۆری (کەبتاگۆن) هەڵگرتووە، کە کێشی گشتییەکەیان دەگاتە ٣٤ کیلۆگرام."

فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور جەختیشی کردەوە لەسەر "بەردەوامیی بەهێزکردنی ڕێکارەکانی چاودێری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی قاچاخکردن بە هەموو شێوەکانییەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئافاتی ماددەی هۆشبەر بۆ ناوخۆی عێراق.