دیوانیە – INA – سەفا ئەلعەزاوی

فەرماندەیی پۆلیسی دیوانیە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: کە پلانێکی ئەمنی و خزمەتگوزاریی هاوبەشیان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و شوێنە ئایینییەکان و کاروانە حسێنییەکان لە ماوەی ڕێوڕەسمەکانی دەی موحەڕەمی حەرامدا دارشتووە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی دیوانیە، عەمید عەلی هادی مەهدی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "فەرماندەییەکە تەواوی ئامادەکارییەکانی خۆی تایبەت بە زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی دەی موحەڕەمی حەرام کۆتایی پێهێناوە، ئەوەش لە ڕێگەی پلانێکی ئەمنی گشتگیرەوە کە جەخت لەسەر پاراستنی کاروانە حسێنییەکان، شوێنە ئایینییەکان، شوێنە پیرۆزەکان و کاروانەکانی خزمەتگوزاری دەکاتەوە کە خواردن و خواردنەوە پێشکەشی بەشداربووانی بۆنەکە دەکەن".

وتیشی: "پلانەکە دابینکردنی ئاسایشی ڕێگاکانی لەخۆگرتووە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دیوانیە، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی مەفرەزەکان لەسەر ڕێگا دەرەکی و خێراکان، دانانی بازگە و خاڵە ئەمنییەکان و کردنەوەی ڕێڕەو بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتوچۆ و ڕێگریکردن لە ڕووداوەکان".

ڕوونیشیکردەوە: "فەرماندەییەکە پلانێکی تایبەتیشی ئامادەکردووە بۆ پاراستنی ماڵەکانی ئەو هاووڵاتییانەی کە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمی پرسەکە دەچنە دەرەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی دزیندا، جیا لەوەش مەفرەزەکانی فریاکەوتن بڵاوکراونەتەوە و هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەهێزکراوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە".

مەهدی ئاماژەی بەوەشکرد: "پلانەکە هەڵمەتەکانی هۆشیاری و دابەشکردنی پۆستەر و لکێنراوەکانی ڕێنمایی لەخۆگرتووە بۆ هاندانی هاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییە ئەمنییەکان و ناساندنی هێڵی فریاکەوتنی یەکگرتوو (٩١١)".