قاهیرە – INA – ئەحمەد محەمەد ساڵح
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر ئاستی وەزاری، دیاریکردنی نەبیل فەهمی وەک ئەمینداری گشتیی نوێی کۆمکارەکە ڕاگەیاند.
ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "ئەنجومەن لە کۆبوونەوەکەیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، سوپاس و پێزانینی قووڵی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی کۆمکارەکە ئەحمەد ئەبو غەیت کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ماوەی کارکردنی"، هاوکات ستایشی "ئەو هەوڵە دڵسۆزانە و ئەو دانایی و لێهاتووییەی کرد کە لە سەرکردایەتیکردنی کاری هاوبەشی عەرەبیدا نیشانی دا لە ماوەیەکدا کە شایەتی تەحەددیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بێپێشینە بوو".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەنجومەن بڕیاری دیاریکردنی نەبیل فەهمی وەک ئەمینداری گشتیی نوێی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بۆ ماوەی پێنج ساڵ پەسەند کرد، کە لە یەکەمی تەممووزی داهاتووەوە دەستپێدەکات"، هیوای "سەرکەوتنیشی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پۆستە نوێیەکەیدا"، لە هەمان کاتدا متمانەی خۆی بە "ئەزموونی دیپلۆماسی و توانای ئەو بۆ بەردەوامبوونی کاروانی بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا" دەربڕی.
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەنجومەن ستایشی ئەو ڕۆڵە تەوەرییە گرنگەی کرد کە ئەبو غەیت گێڕای لە داکۆکیکردن لە دۆسیە سەرەکییەکانی عەرەب، کە لە پێشەنگیاندا دۆسیەی فەڵەستین بوو، هەروەها لە پاراستنی پێگەی کۆمکاری عەرەبی وەک ماڵی عەرەب و چەترێکی کۆکەرەوە بۆ کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوانیان".
