بەغدا - INA

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردە، ڕایگەیاند کە مەلەفی پەیمانگا ئەهلییەکان و ئەو کرێ داراییانەی بەسەر قوتابییاندا سەپێنراون، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کاغەزی چاکسازی پێکدەهێنێت کە وەزارەت کاری لەسەر دەکات، هاوکات ئاراستەیەکی بۆ پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی بەهێزکردن و خوێندنی ئەلیکتڕۆنی ئاشکرا کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەرتی تایبەت.

وتەبێژی وەزارەت، کەریم سەید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "وەزارەت بە بەردەوامی هەوڵدەدات بۆ دۆزینەوەی شێواز و چارەسەری گونجاو کە بە ئەرێنی بەسەر خێزانە کەم دەرامەتەکاندا بشکێتەوە"، ڕوونیشی کردەوە کە "دیاریکردنی کرێی پەیمانگاکان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارودۆخی ناوچەکە و خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی هەر دامەزراوەیەک، و چوونی قوتابییانیش بۆ ئەو شوێنانە وەک بژاردەیەکی ئارەزوومەندانە دەمێنێتەوە نەک ناچاری".

سەید ئاماژەی بەوەش کرد: "دەستەی ڕا لە وەزارەت چەندین پێشنیاز تاوتوێ دەکات بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر خێزانەکان"، جەختیشی کردەوە کە "وەزارەت کار لەسەر بەهێزکردنی قوتابخانە حکومییەکان دەکات وەک جێگرەوەیەکی سەرەکی، ئەمەش لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی بەهێزکردنی وانەکان لە ناو قوتابخانەکاندا، سەرەڕای ئەو ڕۆڵەی کە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی شەو و ڕۆژ لە ڕێگەی پێشکەشکردنی وانەی نموونەیی لەلایەن مامۆستایانی لێهاتووەوە دەیبینێت".

ئاماژەی بەوەشکرد کە: "لیژنەکانی پشکنین بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ پەیمانگا ئەهلییەکان دەکەن بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی و ئەو کارانەی کە لەگەڵ ئاراستە پەروەردەیییەکاندا ناگونجێن، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە مانەوەی قوتابییان تا کاتژمێرەکانی درەنگی شەو"، جەختیشی کردەوە کە وەزارەت ساڵانە ڕێژەی سەرکوتنی بەرزی لە قوتابخانە حکومییەکاندا تۆمار دەکات کە هەندێک جار لەو ڕێژانەش تێدەپەڕێت کە قوتابخانە ئەهلییەکان بەدەستی دەهێنن.