بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی دەروازە سنوورییەکان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی گۆڕانکاریی ستافەکانی و ڕادەستکردنی ئامێرەکانی سۆنەری بە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: "پاڵپشت بە ڕێنمایییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە تایبەت بوو بە (گۆڕانکاریی سەرجەم کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان)، دەستەی دەروازە سنوورییەکان دەستی کرد بە گۆڕینی شوێنی سەرجەم کادرەکانی کە لە دەروازەکاندا کار دەکەن و ژمارەیان (1905) ئەفسەر، فەرمانبەر و کارمەندە، و لە ماوەی 48 کاتژمێردا بەسەر سەرجەم دەروازە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەکاندا دابەشکرانەوە. لەم سۆنگەیەشەوە، بەدواداچوون بۆ فەرمانگەکانی دیکەی ناو دەروازەکان دەکرێت کە سەر بە وەزارەت و دەزگا و دەستەکانی دیکەن، بۆ گۆڕینی کارمەندەکانیان لە ماوەی دیاریکراوی جێبەجێکردندا".

ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستەکە دەستی کردووە بە ڕادەستکردنی ئامێرەکانی سۆنەر بە گومرگ بەپێی بەڵگەنامەی فەرمیی ڕادەستکردن لە نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەروازەکان و ناوەندە گومرگییەکاندا، ئەمەش پاڵپشت بە ڕێنماییی سەرۆک وەزیران، چونکە گومرگ لایەنی سوودمەندە لە داهاتی سۆنەرەکان و ئەمەش وای لێ دەکات بتوانێت چاکسازی و چاودێریی ئەم ئامێرانە بکات".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بەهێزکردنی ئەو دەروازە نوێیانە هاتووە کە لەم دواییانەدا کراونەتەوە بە سەرچاوەی مرۆیی، کە ئەوانیش (دەروازەکانی ڕەبیعە، ئەلوەلید و فرۆکەخانەی مووسڵ)ن، و لە پێناو جێبەجێکردنی ڕەزامەندیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەسەر پێشنیازی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ کشانەوەی مەفرەزەکانی دەروازەکان لە بازگەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە شێوەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنی ئەم بازگانە بەپێی کۆنووسی هاوبەش لە لایەن ئەفسەرانمانەوە ڕادەستی ستافەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرا".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم ڕێکارە ڕێکخستنییانەی کە حکومەت دەیانگرێتەبەر، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان و کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان و داهاتە بەدەستهاتووەکاندایە"، جەختیشی کردەوە کە "دەستەکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ڕۆڵی چاودێری و سەرپەرشتیکردنی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانگانەی لە دەروازەکاندا کار دەکەن بەپێی یاسا، بە مەبەستی هەماهەنگیی ڕۆڵەکان و تەواوکاری لە نێوان لایەنە حکومییەکاندا بەپێی سنوور و پسپۆڕیی کاری هەر لایەنێک".