بەغداد – INA – ئامنە سەلامی
فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ووردیلکارییەکانی پلانی کۆنترۆڵکردن و گەمارۆدانی پهتای تای خوێنبەربوونی کینیا-کۆنگۆی هاوکات لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەمی حەرامدا ڕاگەیاند. هاوکات لە کاتێکدا جەختی لە گرتنەبەری ڕێکاری توند کردەوە بۆ ڕێگریگرتن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە (قەسابخانە) فەرمییەکان، ئاماژەی بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ موکێبە حسێنییەکان کرد بۆ پشتبەستن بەو گۆشتانەی مۆری فەرمییان پێوەیە.
محەمەد عەزیز میاحی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بەردەوامیی تۆمارکردنی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بەتایبەت لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەمی حەرامدا، وایکرد کە نووسراو ئاڕاستەی دەسەڵاتە بەرپرسەکان لە بەغداد و پارێزگاکان بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی کوشتارگە فەرمییەکان، وە لە ئەگەرێکدا ئەگەر ئەم کوشتارگانە نەتوانن گشت قوربانییەکان لەخۆبگرن، پێویستە شوێنی دیاریکراو دابینبکرێت بۆ سەربڕینی ئاژەڵەکان،" جەختیشی کردەوە لەسەر "قەدەغەکردنی سەربڕینی سەرەڕۆ و هەڕەمەکی لە ماڵان، کۆڵانەکان یان ناو موکێبە حسێنییەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشێکە."
میاحی جەختی لە "قەدەغەکردنی هەبوونی ئاژەڵ و سەربڕینی سەرەڕۆ لە ناوچەکانی نیشتەجێبووندا کردەوە بەپێی ڕێنمایی ژمارە (٣٣)ی ساڵی ١٩٨٣، کە ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە سەربڕینی سەرەڕۆ لەخۆدەگرێت و بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ دەکرێت،" ئاماژەی بەوەش دا کە "دەوامی فەرمی لە کاتی پشووەکانی مانگی موحەڕەمدا لە نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان و بنکە تەندروستییەکانی سەر بەوان بەردەوام دەبێت، لە حاڵەتی دەرکەوتنی هەر تووشبوونێکی نوێی مرۆیی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون."
له درێژەی قسەکانیدا وتی: "بڕوانامەی تەندروستی تایبەت بە جوڵە و گواستنەوەی ئاژەڵ لە نێوان پارێزگاکاندا نادرێت، مەگەر دوای دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئاژەڵەکە لانی کەم ١٤ ڕۆژ پێشتر بە دژە گەنە (مضادات القراد) دەرمانڕێژ (رش) کرابێت."
ئەوەشی خستەڕوو کە "گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی تووشبوونی مرۆیی بە نەخۆشێکە لەسەر بازنەیەک دەبێت کە نیوەتیرەکەی (٣ - ٢٠) کیلۆمەترە، و دیاریکردنی قەبارەی بازنەی گەمارۆدانەکە لەلایەن نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکانەوە دەبێت بە پشتبەستن بە جۆری ناوچەکە (شارنشین یان گوندنشین) و چڕی سامانی ئاژەڵی تێیدا، جگه لە دیاریکردنی چڕی گەنەکان، هاوکات دووبارەکردنەوەی پڕۆسەی دەرمانڕێژکردن و شۆردنی ئاژەڵەکان لە تۆڕگەکانی نەخۆشێکەدا دوای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەرمانڕێژکردنی یەکەمدا ئەنجام دەدرێتەوە."
لە حاڵەتی ڕوودانی تووشبوونی مرۆیی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ناوچە شارییەکاندا کە سامانی ئاژەڵی لێ نییە، میاحی ڕوونی کردەوە کە "مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا دەکرێت لە ڕێگەی شوێنپێهەڵگرتن و لێکۆڵینەوەی پەتایناسی بۆ دیاریکردنی ئەو شوێنانەی گۆشت یان ئاژەڵەکەی لێ کڕدراوە، و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی کۆنترۆڵکردن و گەمارۆدان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن موکێبە حسێنییەکان کراوە لە ڕێگەی کردنەوەی هێڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستەی موکێبەکان بۆ گەرەنتی جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، کە بریتییە لە پابەندکردنی خاوەن موکێبە حسێنییەکان بە کڕینی ئەو گۆشتانەی کە تەنها مۆری کوشتارگە فەرمییەکانیان پێوەیە."
وتیشی: "هەروەها پابەندکردنی خاوەن موکێبە حسێنییەکان و قەسابەکان بە پاراستنی گۆشت لە ڕێگەی ساردکردنەوەوە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر پێش لەتکردن یان لێدانی، چونکە ساردکردنەوە کاردەکات بۆ سستکردن و کوشتنی ڤایرۆسەکە لە ناو شانەکاندا، ئەمەش گۆشتەکە بێوەی و شیاو دەکات بۆ بەکاربردن و لەتکردن."
جەختیشی لەسەر "گرنگی ڕێکخستنی کەمپینێکی میدیایی فرەوان لە ڕێگەی دەزگاکانی (بیستراو، خوێندراو و بینراو) و سەنتەرەکانی ڕێنوێنی کشتوکاڵی و ڕاگەیاندنی ڤێتێرنەری کردەوە، بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ئاژەڵداران، قەسابەکان، ژنانی ماڵەوە و هاوڵاتیان بە گشتی لەسەر مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی." ڕوونیشیکردەوە کە "گرنگترین ڕێکارەکانی خۆپاراستن بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشێکە بریتین لە: لێنەکردنەوەی مێشوولە و حەشەرەی گەنە بە دەست لە جەستەی ئاژەڵی قوربانی، دڵنیابوونەوە لە بوونی مۆری سوور (مۆری کوشتارگە) کە تاکە گەرەنتییە بۆ پاکی گۆشتەکە لە ڤایرۆسەکە، جگە لە ساردکردنەوە لە ڕێگەی دانانی گۆشتەکە لەناو سەلاجەدا نەک بەفرگر بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دوای سەربڕین، چونکە ئەم پڕۆسەیە کاردەکات بۆ سستکردن یان کوشتنی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون ئەگەر هەبێت."
