ئەنبار- INA - ئەحمەد دلێمی

بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و پردەکانی پارێزگای ئەنبار، ڕایگەیاند کە پڕۆژەی پردی ئاسنینی فەللوجە چووەتە قۆناغەکانی کۆتایی و لە تەواوبوونی تەواوەتی نێزیک بووەتەوە.

ویسام ڕیاز مەحموود، بەڕێوەبەری ڕێگاوبان و پردەکانی ئەنبار، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کادیرە تەکنیکییەکان دەستیان کردووە بە ڕاخستنی چینی ڕێکخستنەوە بۆ پڕۆژەی دروستکردنی سایدی دووەمی پردی ئاسنینی فەللوجە، ئەمەش لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری ئەنبار (عومەر مەشعان دەبووس) و بە بەدواداچوونی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی (جاسم عەسەل)."

وتیشی: "پڕۆژەکە پێشکەوتنێکی خێرا بەخۆوە دەبینێت لە قۆناغەکانی کۆتاییدا، ئەمەش ڕێگ خۆش دەکات بۆ ڕاخستنی چینی کۆتایی (قیرتاوکردنی کۆتایی) پردەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "پردی ئاسنینی فەللوجە بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان دادەنرێت کە دانیشتوانی شارەکە مێژوویەکی درێژە چاوەڕوانی دەکەن،" جەختیشی کردەوە کە "ڕێژەی جێبەجێکردن گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو و تەنها چەند بڕگەیەکی تەکنیکی کەم ماون بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە تەواوەتی کۆتایی پێبێت و تەواو بکرێت."

ڕوونیشیکردەوە کە "کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە هاوکار دەبێت لە ڕێکخستن و ئاسانکاریی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ (ترافیک)، و ئاسانکردنی گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ناوەوە و دەرەوەی شاری فەللوجەدا."