بەغداد - INA
دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، تەواوبوونی پڕۆسەی بەئۆتۆماتیککردن و دیجیتاڵکردنی ٢٥ مەڵبەندی گومرگی و هەنگاونانی بۆ ڕاگەیاندنی سیستەمی دهروازهی یەکگرتوو لە ١٥ وەزارەت و فەرمانگەدا ڕاگەیاند.
سامر قاسم داود شەریان، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "وەزیری دارایی بە فەرمی ڕێنماییداوە بە دەستپێکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی لە سیستەمی جیهانیی (ئەسیکۆدا - ASYCUDA)، و لە ئێستادا سیستەمەکە ٢٥ مەڵبەندی گومرگی (وشکانی، دەریایی و ئاسمانی) بە تەواوەتی دەگرێتەوە."
وتیشی: "قۆناغی نوێ شایەتی جێبەجێکردنی سیستەمی دهروازهی یەکگرتوو دەبێت بۆ بەستنەوەی ئەلیکترۆنی لەگەڵ ١٥ فەرمانگە و وەزارەتی پەیوەندیدار، جگە لە کاراکردنی گۆڕینەوەی داتای گومرگی لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گۆڕینی وەسف و جۆری کاڵاکان."
لەسەر ئاستی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە ڕوونی کردەوە کە "داهاتە گومرگییەکان لە پێش پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردن کەمتر بوو لە یەک تریلیۆن دیناری ساڵانە، بەڵام بازدانی بەخۆوە بینی و لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتە دوو تریلیۆن دینار، پاشان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزبووەوە بۆ ٢.٦ تریلیۆن دینار،" هاوكات پێشبینیشی کرد کە "داهاتەکان لەسەر بنەمای نیشاندەرەکانی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بەربەستی ٣ تریلیۆن دینار ببەزێنن."
داود ئاماژەی بەوەش دا کە "سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە بە توندی دەسەڵاتی چاودێریی خۆی سەپاندووە و دەروازەکانی دەستکاریکردن و خەمڵاندنی هەڕەمەکی بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٠٪ داخستووە،" جەختیشی کردەوە کە دەستەکە بەردەوام دەبێت لە دوورخستنەوەی هەر توخمێک کە گومانی گەندەڵی لەسەر بێت.
