بەغدا – INA

فەرمانگەی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە پێناو پاراستنی سامانی ئاژەڵ و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندە، بە سیاسەتێکی توندی پشکنین و چاودێرییەوە ڕێکارەکانی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ ناو وڵات ڕووندەکاتەوە و جەخت لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەکاتەوە لە مانگی موحەڕەمدا. محەمەد عەزیز میاحی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەکە،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: سەرجەم ئەو وەجبانەی ئاژەڵ کە دەهێنرێنە ناو عێراق، لە دەروازە سنوورییەکاندا دەخرێنە ژێر پرۆسەیەکی وردی پشکنینی پزیشکی و تاقیگەیی لە ڕێگەی تاقیگە پێشکەوتووەکانەوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی ELISA و PCR.

ئەم ڕێکارانە وەک بەربەستێکی ئەمنی دادەنرێن بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی نەخۆشییەکان، چونکە بەپێی سیاسەتی فەرمانگەکە، ئەگەر لە پشکنینەکاندا دەرکەوت ئاژەڵێکی تووشبوو لەناو هەر وەجبەیەکدا هەیە، ئەوا بە تەواوی ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی ئەو وەجبەیە دەکرێت، چونکە تووشبوونی یەک ئاژەڵ دەبێتە هۆی مەترسی گواستنەوەی خێرای نەخۆشییەکە بۆ سەرجەم ئاژەڵە ناوخۆییەکان و بڵاوبوونەوەی نوێی پەتای کوشندە.

ووتیشی : مەترسییەکە تەنها لە نەخۆشییە باوەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو لە ئەگەری هاتنەژوورەوەی هەر جۆرە ڤایرۆسێکی نوێ کە ئاژەڵی ناوخۆیی بەهۆی نەبوونی بەرگری پێشوەختە بەرامبەریان، ئەگەری مردنیان بە ڕێژەیەکی بەرز هەیە، و لەم چوارچێوەیەشدا، سەرجەم بەڵگەنامە و بڕوانامە تەندروستییەکان بە وردی پشکنینیان بۆ دەکرێت و هیچ بارێک بەبێ بەڵگەنامەی ڕەسەن و ئەنجامی تاقیگەیی سەلامەت ڕێگەی هاتنەژوورەوەی پێنادرێت، تەنانەت ئەگەر ئاژەڵەکان لە وڵاتانی خاوەن دۆخی تەندروستی باشیشەوە هاتبێتن، بەوپێیەی گواستنەوە و ماندووبوونی ڕێگا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی.

سەبارەت بە مانگی موحەڕەم و زیادبوونی پرۆسەی سەربرینی ئاژەڵ لەو وەرزەدا، فەرمانگەکە ڕێنمایی تووندی بۆ سەرجەم نەخۆشخانە ڤێتێرنەرییەکان دەرکردووە بۆ ئەوەی چاودێری وردی سەربرینگەکان بکەن.

هاوکات لە ڕێگەی هەڵمەتێکی هۆشیارییەوە لەگەڵ خاوەن مەوکەبە حوسێنییەکاندا، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەر سەربرینێک دەبێت لە ناو سەربڕینگە فەرمییەکاندا ئەنجام بدرێت، چونکە سەربرین لە دەرەوەی ئەم شوێنانە و بەبێ پشکنینی پێشوەختەی ڤێتێرنەری، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست دەکات، بۆیە ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی فەرمانگە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گۆشتی دابینکراو و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان.