هەولێر – INA – ئیڤان ناسر

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ شەممە، جەختی کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی بەڵێنی دابینکردنی گەرەنتی ئەمنی داوە بەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمدا کار دەکەن، لە هەمان کاتدا داوای تەرخانکردنی بودجەی پێویستی کرد بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی پەنابەران.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی پەنابەران سازی کرد و ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی، بەڵێنی مسۆگەرکردنی ئاسایشی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی داوە، ئەمەش دوای سەردانی لیژنەیەک لە سەرۆکایەتی ئەرکان و بە ڕێنمایی خۆی، و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی"، ڕوونیشیکردەوە کە "ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێشکەشکردنی گەرەنتی ئەمنی بە کۆمپانیا نەوتییەکانی دانیشتووی هەرێم وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکارییەکانی ئەو کۆمپانیایانە".

ناوبراو وتیشی: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکەوە کار دەکەن لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە سیستەمەکانی بەرگری و پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکانی سەر بە کوردستان".

لەسەر دۆسیەی پەنابەران، ئەحمەد داوای لە "حکومەت کرد کە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و بودجەی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران تەرخان بکات"، داواشی لە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە هاوکارییەکان کەم نەکەنەوە، بەڵکو وەبەرهێنان بکەن لە بەهێزکردنی توانای خۆڕاگری پەنابەراندا"، جەختیشی کردەوە کە "بەرپرسیارێتی مرۆیی پێویستە بەشکراو بێت، نەک تەنها بخرێتە ئەستۆی ئەو کۆمەڵگەیەی کە میواندارییان دەکات".

ئاماژەی بەوەش دا کە "ڕێککەوتننامەی شەنگال تا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵی درێژ بەسەر ئەو جینۆسایدەی کە ڕووبەڕووی ئێزدییەکان بووەوە"، جەختیشی لەسەر "پێویستی ڕەخساندنی کەشوهەوای گونجاو کردەوە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ناوچەکانی خۆیان بە کەرامەتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی ئاسایش و سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە".

وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە "دەرگاکانی هەرێمی کوردستان بە کراوەیی دەمێننەوە لەبەردەم هەر کەسێکدا کە بەدوای ئاشتی و ئاسایشدا دەگەڕێت، و حکومەتی هەرێمیش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی پەیامە مرۆییەکەی خۆی".