نەینەوا -INA- محەمەد حەداد

پارێزگاری نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل و بەتریك مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، لە شاری مووسڵەوە جەختیان لەسەر گرنگی چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاندانی گەڕانەوەی مەسیحییەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان لە پارێزگاکەدا کردەوە.

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "پارێزگاری نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل، پێشوازی لە بەتریی مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، بەتریكی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد، لە کاتی گەیشتنی بۆ شاری مووسڵ لە سەردانێکدا کە یەکەمین سەردانییەتی لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا"، ئاماژەی بەوەش دا کە "مەراسیمی پێشوازی فەرمی لە کەنیسەی مار پۆڵسی کلدانی لە ناوچەی کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی بەرفراوانی ئاینی، فەرمی و جەماوەری".

پەیامنێرەکە لە زمان بەتریك مار پۆڵسی سێیەم نۆناوە گواستییەوە و جەختی کردەوە کە "پەیامی کەنیسە لەسەر بنەمای چەسپاندنی بەهاکانی خۆشەویستی، ئاشتی و کاری هاوبەشە"، داواشی لە "سەرجەم عێراقییەکان کرد کە هەوڵەکانیان یەکبخەن لە پێناو بنیاتنانی نیشتمان، بەهێزکردنی پێکەوەژیان، و کارکردن بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی و هاوپشتی بۆ بەدیهێنانی ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە ڕۆڵەکانی نیشتمان کۆدەکەنەوە".

نۆنا ئەوەشی خستەڕوو کە "سەرکەوتن بە بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی خزمەتکردنی ئەوانی تر و هاوکارییکردنە لە پێناو داهاتوویەکی باشتر، و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە ئاشتی و سەقامگیری تێدا باڵادەست بێت".

لەلایەن خۆیەوە، پارێزگاری نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل، سەردانەکەی بە "پەیامێکی خۆشەویستی و پێکەوەژیان وەسف کرد کە دووپاتی دەکاتەوە دانیشتووانی پارێزگاکە، بە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی ئاینی، نەتەوەیی و مەزهەبییانەوە، توانای سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ژیان و چەسپاندنی سەقامگیرییان هەیە".

دەخیل دووبارە داواکاری ئاراستەی "خێزانە مەسیحییەکان، بەتایبەتی دانیشتووانی ڕەسەنی مووسڵ کرد بۆ گەڕانەوە بۆ شارەکە"، جەختیشی کردەوە کە "حکومەتی خۆجێیی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پیاوانی ئاینی مەسیحی کار دەکات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و هاندەر بۆ گەڕانەوە".

پارێزگار ئاماژەی بەوەش دا کە "هەمەجۆریی نەینەوا سەرچاوەی هێزە بۆ پارێزگاکە، و ئەزموونی چاکبوونەوە و بووژانەوەی مووسڵ بووەتە نموونەیەکی دیار کە سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و توێژەرانی ڕاکێشاوە".