سەرۆکی ئەمەریکا ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە ئێران دەیەوێت سیستەمی سەرانەکۆکردنەوە لە تەنگەی هورمز بسەپێنێت و ئەو ئەگەرە لە ئێستا و داهاتووشدا ڕەتدەکاتەوە.
دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "لە ماوەی ئەو 60 ڕۆژەی ئاگربەستدا هیچ باجێک لە گەرووی هورمزدا نابێت، هەروەها هیچ باجێکیش لەدوای تەواوبوونی ماوەی 60 ڕۆژەکە نابێت."
ترامپ دەڵێت سەپاندنی ئەو سەرانەیە "مەگەر لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە و بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بسەپێندرێت، لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتنی تەواو، وە پارەکە وەک پشتیوانی بەکار بهێنرێت بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی قەرەبووی تێچووەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو."
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران چەند جارێک جەختیان کردووەتەوە لە ویستی وڵاتەکەیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی کۆکردنەوەی باج و سەرانە.
ئەمڕۆ بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئێران تەنگەی هورمزی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان داخستووە.
بەڵام فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا دوای بانگەشەکەی ئێران، ئەوەی ڕەتکردەوە کە هیچ بەربەستێک بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دروست بووبێت و ڕایگەیاند تەنها ئەمڕۆ 55 کەشتی بازرگانی لە تەنگەکەدا پەڕیونەتەوە و بە ڕێژەی 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان.


