بەغدا - INA - نەسار ئەلحاج
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەریق عومەر وائیلی، جەختی کردەوە کە ڕێنمایییەکانی سەرۆک وەزیران، عەلی فالح ئەلزەیدی، هەنگاوێکی چاکسازییە کە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتییە لە دەروازە سنوورییەکاندا. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە گۆڕانکاریی فەرمانبەران سەرجەم فەرمانگەکانی ناو دەروازە سنوورییەکان دەگرێتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی وزەکان و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی گەندەڵی. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە گەڕاندنەوەی ئامێرەکانی سۆنار بۆ گومرگ دەبێتە هۆی ڕێکخستنی پسپۆڕییەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕۆڵی دەستەکە لە سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردندا. لە هەمان کاتدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تەرخانکردنی 20%ی شتومەکە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ کارمەندانی دەروازەکە، هەنگاوێکی ژیرانە و هاندەرە بۆ هەوڵە مەیدانییەکان. هەروەها جەختی لە ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران کردەوە بۆ کشانەوەی مەفرەزەکانی دەستەکە لە 4 بازگە، بە مەبەستی بەهێزکردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دەروازە سیادییەکاندا.
وائیلی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "ڕێنمایییەکانی سەرۆکی ئەنجومەني وەزیران سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، لەسەر بنەمای ئەو کۆبوونەوە بەردەوامانە هاتووە کە لەگەڵیدا ئەنجام دراون، و ڕەنگدانەوەی ئەو بایەخە بەرزەیە کە بەم دۆسیە سیادییە گرنگەی دەدات، وەک هەنگاوێکی چاکسازی کە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری و سەرپەرشتیکردن و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و ڕێگریکردنە لە هێنانی شتومەکی قەدەغەکراو، لەگەڵ پابەندکردنی سەرجەم ئەو لایەنانەی لە ناو دەروازەکەدا کار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بەپێی یاسای پسپۆڕییان".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "سەبارەت بە پرۆسەی گۆڕانکاریی فەرمانبەران، ئەم ڕێکارە سەرجەم فەرمانگەکانی ناو دەروازە سنوورییەکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە؛ بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دروستبوونی پەیوەندیی نەگۆڕ و بەرژەوەندیی کەڵەکەبوو لە ناو دەروازەکەدا، هەروەها بۆ نوێکردنەوەی وزەکان و کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی گەندەڵی یان چاوپۆشی. دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بەپێی ڕێنماییی سەرۆک وەزیران، چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێنمایییەکان لەلایەن فەرمانگەکانەوە دەکات سەبارەت بە گۆڕینی فەرمانبەرەکانیان و لێپرسینەوە لەگەڵ کەمتەرخەمەکاندا دەکات ئەگەر هەر سستییەک لە جێبەجێکردندا هەبێت".
وائیلی بەردەوام بوو و وتی: "سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەو ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەرانەی کە بۆ کارکردن لە دەستەکەدا ڕاسپێردرابوون بۆ سەر فەرمانگەکانی خۆیان، ئەمە لە چوارچێوةی ڕێکارە ڕێکخستنی و کارگێڕییەکاندایە کە ئامانجیان بەهێزکردنی کاری دامەزراوەییە لە ناو دەروازە سنوورییەکاندا".
سەرۆکی دەستەی دەروازەکان ئاماژەی بەوە دا کە "سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر پابەندکردنی سەرجەم فەرمانگە و دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی ناو دەروازە سنوورییەکان کردووەتەوە بۆ چڕکردنەوەی ڕێکارەکانی چاودێری و پشکنين، و ڕێگریکردن لە هێنانی کەرەستەی قەدەغەکراو و پێچەوانەی یاسا، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت و زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەکە، بەو پێیەی ئەو سەرۆکی شانەی هەواڵگری و سەرپەرشتیاری کاری سەرجەم فەرمانگەکانی ناو دەروازەکەیە، ئەمەش یەکێتیی بڕیار بەهێز دەکات و ڕێگری لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان دەکات و پێگەی دەروازەکە وەک ڕوومەتێکی سیادیی دەوڵەت بەرز دەکاتەوە".
وائیلی جەختی کردەوە کە "دەستەی دەروازە سنوورییەکان کاردەکات بۆ بەدواداچوونی ڕێنماییکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کاری گومرگ، بەو پێیەی لایەنی پسپۆڕی تەکنیکییە بۆ پشکنين، نرخاندن و پشکنینی گومرگی، لە کاتێکدا دەستەی دەروازەکان ئەرکی چاودێری، هەماهەنگی و بەدواداچوونی دروستیی ڕێکارەکانی لەئەستۆیە، و ڕێگە بە تێپەڕبوونی هیچ بارهەڵگرێک نادات پێش تەواوکردنی پشکنین و وردبینی".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ڕێنمایییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ گەڕاندنەوەی ئامێرەکانی سۆنار بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ، لەبەر ئەوە هاتووە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لایەنی تەکنیکی و دارایی پسپۆڕە بە ڕێکارەکانی پشکنین و وردبینیی گومرگی، ئەمەش لەگەڵ سروشتی کار و پسپۆڕییەکەیدا دەگونجێت. ئەم ڕێکارە ڕێکخستنێکە بۆ پسپۆڕییەکان و بەهێزکردنی بنەمای چاودێریی هاوبەشە، و ڕۆڵی دەستەی دەروازەکانیش لە سەرپەرشتیکردن، چاودێری و بەدواداچوونی ئەدای گومرگ و فەرمانگەکانی دیکەی ناو دەروازەکە بەردەوام دەبێت؛ بۆ گەرەنتیی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان بە شێوازێکی پیشەیی و شەفاف، و ڕێگریکردن لە هەر دەستکاریکردن، قاچاخچێتی یان دەستدرێژییەک بۆ سەر ماڵی گشتی، بە جۆرێک کە پێگەی دەروازەکە و دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز بکات".
وائیلی جەختی کردەوە کە "دەستنیشانکردنی وردی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە هۆی دووبارە توانادارکردنەوەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ناو دەروازە سنوورییەکاندا، ئەمەش بەهۆی گرنگیی ڕۆڵەکەی لە پاراستنی ئاسایشی ئابووری و پاڵپشتیکردنی دەزگا ئەمنییەکانی ناو دەروازەکە، لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی دەستەی دەروازە سنوورییەکاندا. هەوەها ڕێنماییی سەرۆک وەزیران بۆ تەرخانکردنی ڕێژەی 20% لە بەهای شتومەکە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان، هەنگاوێکی ژیرانە و هاندەرە بۆ هەوڵە مەیدانییەکان، و پەیامێکی ڕوونە کە دەوڵەت ڕێز لەوانە دەگرێت کە بە جدییەتەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و پاراستنی ماڵی گشتی دەکەن، و بۆ بەهێزکردنی ڕۆحی بەرپرسیارێتی و سەر بەخۆبوونە لای کارمەندان، و هاندانیانە بۆ ئاشکراکردني سەرپێچییەکان و ڕێگریکردن لە دەستکاریکردن".
وائیلی تەئکیدی کردەوە کە "ڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران بەدەست هاتووە بۆ کشانەوەی مەفرەزەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە بازگەکانی (السد، چیمەن، باوە مەحموود، و دارەمان)، ئەمەش لەسەر داوای سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و ڕادەستکردنی دۆسیەکە بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی؛ بە ئامانجی دووبارە ڕێکخستنەوەی هەوڵەکان و ئاڕاستەکردنی توانای مرۆیی و مەیدانی بەرەو دەروازە سنوورییە سیادییەکان، بە تایبەت دوای کردنەوەی هەردوو دەروازەی ئەلوەلید و ڕەبیعە و فڕۆکەخانەی مووسڵ، و ئەو پێداویستییەی کە ئەم هەنگاوە دەیخوازێت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە مرۆییەکان و ئامادەیی چاودێری و سەرپەرشتیکردن لە ناو دەروازە سیادییەکاندا".
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە دا کە "ئەم ڕێنماییانە هەنگاوێکی گرنگن لە ڕەوتی چاکسازی و پەرەپێدانی کاری دەروازە سنوورییەکاندا، و نیشانەی دەستنیشانکردنی ورد و بابەتییانەی خاڵەکانی هێز و کەمکوڕین لەم دۆسیە سیادییە هەستیارەدا. ئەم دەستنیشانکردنەش پشت بە دیدگای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەزموونی کەڵەکەبووی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا دەبەستێت. جەوهەری ئەم ڕێنماییانە پاڵپشتییەکی ڕوونە بۆ دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە ئەنجامدانی ڕۆڵی چاودێری و سەرپەرشتیکردنی خۆیدا و بەهێزکردنی پێگەیەتی وەک چاوی دەوڵەت لە ناو دەروازەکاندا، وەک ئەو لایەنەی کە بەدواداچوون بۆ دروستیی ڕێکارەکان و تەواکاریی کاری سەرجەم پێکهاتەکان دەکات".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەستەی دەروازەکان کاردەکات بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانە بە ڕۆحێکی دامەزراوەیی بەرپرسانە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی دەروازەکان و دەوڵەت، و چەسپاندنی سەروەريی یاسا، پاراستنی ماڵی گشتی، وشککردنی سەرچاوەکانی قاچاخچێتی و دەستکاریکردن، و گۆڕینی دەروازە سنوورییەکان بۆ ڕوومەتی ڕاستەقینەی سەروەریی دەوڵەت و هێزە ئابووری و ئەمنییەکەی".


