بەدواداچوون- INA
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بێبنەمایی ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن هەندێک دەزگای ڕاگەهاندنەوە دەربارەی داخستنی گەرووی هورمز بڵاوکراونەتەوە، و ڕوونیكردەوە کە کۆبوونیوەکەی ئەمڕۆی هەینی لە سویسرا بۆ ڕۆژێکی دیکە دواخراوە.
وەزارەتی دەرەوە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەوەی واژووکردنی دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوازی ئەلیکترۆنی ئەنجامدراوە، چیتر سازدانی کۆبوونیوەکەی سویسرا کارێکی زۆر هەنووکەیی و پەلە نییە.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەدا هاتووە کە پلان دادەڕێژین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونیوەیەک بە مەبەستی گفتوگۆکردن لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، هاوکات جەختی کردەوە کە کۆبوونیوەکەی ئەمڕۆی هەینی لە سویسرا بۆ کاتێکی تر دواخراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا ڕاوێژکارییەکان لە ڕێگەی ناوەندگیرەکانەوە بەردەوامن بۆ دەستپێکردنی قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی کۆتایی، مەرجەدار کراوە بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی (١، ٤، ٥، ١٠ و ١١)ی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە هیچ ڕاستییەک لەو دەنگۆیانەدا نییە کە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەربارەی داخستنی گەرووی هورمز بڵاویان کردووەتەوە.
