بەغدا - INA

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێنمایی دا بە یەکخستنی شێوازی ئاڵاکانی عێراق لە سەرجەم دامەزراوە فەرمییەکاندا.

ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی، سەرجەم وەزارەتەکان، پارێزگاکان و ئەو لایەنانەی سەر بە وەزارەت نین، ڕاسپاردووە بە گۆڕینی ئەو ئاڵایانەی عێراق کە لەسەر باڵەخانەی دامەزراوە حکومییەکان و فەرمانگەکان هەڵدراون، بەو مەرجەی ئاڵاکان بەپێی پێوەرە فەرمییەکان و یەکشێوە بن.

.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە "سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی بایەخدان بە کوالێتیی ئاڵاکان بەپێی پێوەرە فەرمییەکان، هەروەها گۆڕینی ئاڵاکان بە شێوەیەکی خولی بێت؛ ئەمەش وەک ڕێزگرتنێک لەو پێگەیەی کە ئاڵای عێراق هەیەتی وەک هێمایەکی باڵای سەروەریی نیشتمانی.