بەغدا - INA

موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ستایشی ڕێکارەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و سەبارەت بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "داری" داوایەکی ئاڕاستە کرد.

کازمی لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاندووە: "بە پێزانین و بایەخەوە چاودێری بڕیاری حکومەتەکەتان دەکەم بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی کە گومان لەبارەی سوودی ئابووری و میکانیزمی جێبەجێکردنیان هەبوو، لە پێشەنگیشیاندا پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و هێڵی شەمەندەفەر، جگە لەو پڕۆژانەی ڕەخنەی توندیان لەسەر بوو سەبارەت بە شەفافیەت و ڕێکارەکانی گرێبەستکردن."

کازمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی پۆزەتیڤە بۆ چەسپاندنی میتۆدی "پێداچوونەوەی دامەزراوەیی" و بەستنەوەی پڕۆژە نیشتمانییەکان بە پێوەرەکانی کارایی ئابووری و پاراستنی ماڵی گشتی، ئەمەش متمانەی هاووڵاتیان بە دەوڵەت بەهێزتر دەکات.

کازمی جەختی لە پێویستیی پێداچوونەوەی گشتگیر بە سیاسەتە ته‌لارسازییه‌كانی پایتەخت کردەوە و ڕایگەیاند: "بەغدا تەنها ڕووبەرێکی بیناسازی نییە بۆ وەبەرهێنانی کاتی، بەڵکو شارێکی خاوەن بەهای مێژوویی و کلتوورییە؛ بۆیە نابێت سیمای شارەکە بەهۆی بەرژەوەندیی وەبەرهێنانی خێراوە بشێوێنرێت."

ڕوونیشیکردەوە کە گەشەی ستوونیی بێسەروبەر لە نێو شارە مێژووییەکاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستەمی گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر سیمای بینراوی شارەکە دەبێت. ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لە نێو جەرگەی بەغدا دروستکراون، نەک هەر قەیرانی نیشتەجێبوونیان چارەسەر نەکرد، بەڵکو فشاری زیاتریان خستە سەر تۆڕەکانی ئاو، کارەبا و ئاوەڕۆ.

کازمی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی هەندێک پڕۆژەی بازرگانی و بینای بەرز لە دەوروبەری ناوچە ئایینی و مێژووییەکان، بوونەتە هۆی داپۆشینی قوبە و منارەی مەزارگە پیرۆزەکان و مزگەوتە مێژووییەکان، کە ئەمەش بەشێکە لە شوناسی ڕۆحیی بەغدا و پێویستی بە پێداچوونەوەی خێرا هەیە بۆ دیاریکردنی بەرزیی بیناکان لەو ناوچانەدا.

سەرۆک وەزیرانی پێشووتر ئاماژەی بەوە کرد کە گەورەترین کێشەی ساڵانی ڕابردوو مامەڵەکردنی نادروست بوو لەگەڵ قەیرانی نیشتەجێبوون، کە لەسەر بنەمای "چارەسەرکردنی هەڵە بە هەڵە" بونیاد نرابوو. وتیشی: "ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی بە پەردەی سیاسی درانە هەندێک کەس، نەک هەر قەیرانەکەیان چارەسەر نەکرد، بەڵکو بوونە هۆی بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون و شێواندنی سیمای شارەکە."

کازمی پێشنیاری کرد کە حکومەت سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکان وەربگرێت، وەک ئەزموونی "شاری بەسمایە" لە سەردەمی حکومەتەکەی مالیکی و پڕۆژەی "داری" لە سەردەمی حکومەتەکەی خۆیدا. سەبارەت بە پڕۆژەی داری وتی: "ئەو پڕۆژەیە دوای ئەوەی لە ڕووی میدیاییەوە هێرشی کرایە سەر، دواتر لە پڕۆژەیەکی هاوبەشی دەوڵەت و کەرتی تایبەت کە خزمەتی هاووڵاتی دەکرد، گۆڕدرا بۆ پڕۆژەیەک کە تەنها خزمەتی وەبەرهێنەر دەکات."

وە ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆژەی «داری» پڕۆژەیەکی تۆکمە و گشتگیرە، موڵکی حکومەتەکەی کازمی نییە، بەڵکو پڕۆژەی گەلی عێراق و تەواوی وڵاتە. ئێوە دەتوانن زیندووی بکەنەوە و کاری لەسەر بکەن بۆ پەرەپێدانی؛ ئامار و داتاکان بەردەستن و دەکرێت پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، منیش خۆشحاڵ دەبم بیانخەمە بەردەستتان؛ چونکە دەبێتە دەستپێکێکی بەهێز بۆ حکومەتەکەتان لە چارەسەرکردنی هەرە لەپێشینەترین قەیرانەکاندا، هەروەها دەبێتە مایەی بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە توانای دەوڵەت بۆ پێشکەشکردنی چارەسەری بەردەوام و بەرجەستە بۆ ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی لە قۆناغی ڕابردوودا کەڵەکە بوون

ئەو ڕوونیشیکردەوە کە "بەغدا گوزارشت لە یادەوەریی سیاسی و ڕۆشنبیری و شارستانیی عێراق دەکات، هەر بڕیارێکیش ئەمڕۆ سەبارەت بە شێوازی بیناسازییەکەی بدرێت، کاریگەرییەکەی بۆ چەندین دەیەی داهاتوو دەمێنێتەوە؛ بۆیە پاراستنی شوناسی تەلارسازی و مێژووییەکەی، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە و بەردەوام بۆ قەیرانی نیشتەجێبوون، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و لە هەژمارە کاتی و قۆناغییەکان باڵاترە. ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی توند و یەکلاکەرەوە هەیە کە ڕۆح و تایبەتمەندیی پایتەخت بپارێزێت، بۆ ئەوەی نەکەوینە ناو دۆخێک کە تێیدا شارەکانمان لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خنکاو و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە دابڕاو بن، و گەڕەکە دێرینەکانی بەغدا نەبنە 'دارستانی کۆنکرێتی' و پشتێنەی هەژاری و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی سەرنجڕاکێشییە مرۆیی و شارستانییەکەی شارەکە."

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: "بەغدا یادەوەریی عێراقە و هەر بڕیارێکی ئەمڕۆ کاریگەری بۆ دەیان ساڵ دەبێت؛ بۆیە پاراستنی شوناسی شارەکە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە بۆ ئەوەی نەبینە خاوەنی شارێکی خنکاو و دارستانی کۆنکرێتی. بونیادنانی شارەکان تەنها بیناسازی نییە، بەڵکو بونیادنانی مرۆڤ و دەوڵەت و شوناسە، و ئەوەی ئەمڕۆ بونیادی دەنێین دەبێتە شایەتحاڵ بۆ ئەو عێراقەی دەمانەوێت بۆ نەوەکانی داهاتووی جێبهێڵین.