سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداو تاوتوێ دەکات و ئاماژەی دا بەوەی ڕێگری لە ئێران ناکرێت "هەندێک" مووشەکی بالستی هەبێت.
سەرۆکی ئەمەریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری ئیڤیان لە فەرەنسا وتی، "ئەوان [ئێران] دەبێت هەندێک لە مووشەکی بالستیان هەبێت چونکە وڵاتانی تر هەیانە، بۆیە دەبێت ئەوانیش هەندێکیان هەبێت."
ترامپ ڕەخنەی لەو "کەسانە" گرت کە جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پرسی نەهێشتنی مووشەکە بالستییەکانیش لەخۆ بگرێت.
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەم خۆشدەوێت، بەڵام پێموانییە ژیر بن. ئەو کەسانە بەمنیان وت، 'گەورەم، نابێت ڕێگە بدەین هیچ مووشەکێکیان هەبێت.' منیش لە وەڵامدا وتم، 'جا چی بکەم؟ دەتانەوێت ڕێگە بە عەرەبستانی سعودییە بدەم مووشەکیان هەبێت، بەڵام ئەوان [ئێران] ناتوانن هەیانبێت؟"
سەرۆکی ئەمەریکا لە بایەخی مووشەکە بالستییەکانی ئێرانی کەمکردەوە و ڕایگەیاند، "مووشەک کێشە نییە، زیان بە چەند ناوچەیەکی کەم دەگەیەنن بەڵام ناتوانن هەموو جیهان بتەقێننەوە."
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری ئیڤیان لە فەرەنسا بوو، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی باڵای وڵاتانی گرووپی حەوت.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هاوکاتی گفتوگۆکان لەسەر وردەکاری ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، حکومەتی ئەمەریکا بە جیا پرسی مووشەکەکان و پرسەکانی تری ناپەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوەکی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو تاوتوێ دەکات.
سەرۆک ترامپ هەروەها ستایشی هێرشەکانی ئیماراتی کرد بۆ سەر پێگەکان لە ئێران و محەمەد بن زایدی بە "شەرکەرێکی بەهێز" ناو برد.

