بەغداد- INA
وەزیری کشتوکاڵ، عەبدولڕەحیم جاسم شەممەری، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێنماییدا بە قەدەغەکردنی هێنانی ١٧٥٠ سەر مانگا و گوێرەکەی تووشبوو بە نەخۆشیی تەبەق (الحمى القلاعية)؛ ئەمەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاژەڵیدا.
وەزارەتی کشتوکاڵ لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "وەزیری کشتوکاڵ عەبدولڕەحیم جاسم شەممەری، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێنماییداوە بە قەدەغەکردنی هێنانی ١٧٥٠ سەر مانگا و گوێرەکەی زیندووی هاوردەکراو بە مەبەستی سەربڕین لە مەرزی تڕێبیلەوە کە بەڕەچەڵەک کۆڵۆمبین؛ بە ئامانجی پاراستنی سامانی ئاژەڵی لە نەخۆشی و پەتای کوشندە".
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم ڕێنماییە دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنە فەرمییەکان هات لەلایەن فەرمانگەی ڤێتێرنەری کە یەکێکە لە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت، بۆ ئەنجامدانی ڕێکاری خۆپارێزی و نەخستنی سامانی ئاژەڵی لەژێر مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکان".
وەزیر جەختی لەسەر "خستنەگەڕی تەواوی هێز و تواناکان کردەوە بۆ گەشەپێدانی سامانی ئاژەڵی، ئەویش لە ڕێگەی پشتبەستن بە شێوازی زانستی و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکان؛ بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بازاڕە ناوخۆییەکان بە گۆشتی بەرهاتوو لە سەرچاوەی باوەڕپێکراو، و ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی ئاژەڵی تووشبوو"، هەروەها جەختیشی لەسەر پێویستیی "پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و خزمەتکردنی ئابووریی نیشتمانی" کردەوە.



