بەدواداچوون - INA

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، زانیاری نوێی لەبارەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە ئاشکرا کرد کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا واژۆ کراوە، و وێڕای ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە یاداشتەکە لە ١٤ بەند پێکهاتووە و پابەندیی دوولایەنە لەخۆدەگرێت سەبارەت بە سەروەری، دانوستانەکان و ئازادیی کەشتیوانی، لەپاڵ چەند بەندێکدا کە تایبەتن بە لوبنان و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە بەرە جیاوازەکاندا، جەختیشیکردەوە: لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئێران هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا ئاسایی دەکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە لە ١٤ بەند لە لاپەڕە و نیوێکدا پێکهاتووە، و بەندەکانی یەکەم و دووەم بۆ چوارچێوەی گشتیی دانوستانەکان تەرخانکراون".

رونیشیكردەوە: "ناوی لوبنان سێ جار لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە، و پێویستە جەنگ لەسەر سەرجەم بەرەکان کۆتایی پێ بهێنرێت، بەتایبەتی لە لوبنان".

ئاماژەی بەوەشکرد: کە "یاداشتەکە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕێزگرتن لە سەروەریی ئێران و یەکپارچەیی خاکەکەی لەخۆدەگرێت"، جەختیشیکردەوە کە "ڕێزگرتن لە سەروەریی لوبنانیش دووپاتکراوەتەوە، و بوونی سوپای ئیسرائیل لەوێدا دژ بەم پرەنسیپەیە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێداگری کرد لەسەر ئەوەی کە "بەردەوامبوونی داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە دادەنرێت، و ئێران ڕێوشوێنی پێویست لەم بارەیەوە دەگرێتەبەر".

سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەکانیش، ڕوونیکردەوە کە "ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڵێنیان داوە دانوستان ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا، کە بڕیارە لە ڕۆژی هەینییەوە دەست پێبکات".

ئەوەشی دووپاتکردەوە: "پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا گەمارۆی دەریایی لابدات و ڕێگری لە کەشتییەکانی ئێران نەکات، کە ئەمەش کارێکە دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە".