کەربەلای پیرۆز – INA – عەباس ڕەحیمی

بەڕێوبەرایەتی شارەوانی کەربەلای پیرۆز، ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکارییەکانی پلانی خزمەتگوزاری خۆی بۆ مانگی موحەڕەمی حەرام و زیارەتی عاشورا ڕاگەیاند، و ئاماژەی بەوەکرد کە پلانەکە بەشداریپێکردنی ٢٤٦٨ کەس و ٤١٩ ئامێری قورس لەخۆدەگرێت.

حەسەن شەریفی، بەڕێوبەری شارەوانی کەربەلا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "پلانەکە لە شەوی یەکەمی مانگی موحەڕەمی حەرام و ڕێوڕەسمی گۆڕینی ئاڵاکەوە دەستیپێکردووە تاوەکو ڕۆژی سێزدەهەمی مانگ کە یادکردنەوەی بەخاکسپاردنی تەرمە پاکەکانی ئالوبەیتە (سەلامی خوایان لێبێت)، کە بۆ ماوەی چواردە ڕۆژ بەردەوام دەبێت". ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم پلانە کە هێڵە گشتییەکانی لەلایەن نەسیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلای پیرۆزەوە داڕێژراوە، دابینکردنی ژمارەیەک لە کارمەندانی پاککەرەوە و ستافەکانی بواری پاککردنەوە لە هەشت کەرتی شارەوانی، باخچەکان، وەرشە، ئامێرەکان و ژینگە لەخۆدەگرێت، کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە ٢٤٦٨ کەس، هاوشان لەگەڵ هەوڵێکی ئامێریی بەڕێوبەرایەتییەکە کە پێکهاتووە لە ٤١٩ ئامێری قورسی تایبەت، هەروەها ڕۆڵی هۆبەی ژینگەش هەیە کە شوێنەکانی بۆ فڕێدانی خۆڵ وخاشاک ئامادە کردووە".

شەریفی ئاماژەی بە "کاری هۆبەی ڕاگەیاندن لە بەڕێوبەرایەتی شارەوانی کەربەلای پیرۆز کرد، کە دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی هۆشیاری و پۆستەری ڕیکلامی کە لە لایەکەوە بەخێرهاتنی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن (س) دەکەن و لە لایەکی ترەوە سەرەخۆشی لە جیهانی ئیسلامی دەکەن بەبۆنەی شەهیدبوونی ئیمام، جگە لە بڵاوکردنەوەی نیشانەکانی ڕەشپۆشی و خەم و پەژارە لە پارێزگاکەدا بەهۆی ئەم خەمە گەورەیەوە، سەرەڕای هەوڵەکانی تری شارەوانی کە بریتی بوون لە ئامادەکردنی وەرشەی گەڕۆک بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لە مەیداندا". ڕوونیشیکردەوە کە "پلانەکە پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی شارەوانی لە سەنتەری شار و هەروەها میحوه‌ری باکوور کە میحوه‌ری بەغدایە، میحوه‌ری باشوور لە نەجەفی ئەشرەفەوە، میحوه‌ری ڕۆژهەڵات کە میحوه‌ری هیندییەیە، لەگەڵ میحوه‌رە نوێیەکان کە بریتین لە میحوه‌ری قەزای حوسێنییە لە شەقامی حەوراء زەینەب (سەلامی خوای لێبێت)، میحوه‌ری بوبیات و شەقامی سەید عەلی قازی لەخۆدەگرێت".