بەغداد - INA - ئەمنە سەلامی

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکبوونەوەی تەواوکردنی هەردوو پردی غەززە و جادریەی دووەمی ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد: کە ١٣ پڕۆژە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغداد لە کۆی ٢٢ پڕۆژە تەواو کراون.

نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ژمارەی پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغدادی پایتەخت لە چوارچێوەی پاکێجی یەکەم و دووەمدا، کە وەزارەت بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوون، گەیشتووەتە ٢٢ پڕۆژە، لەو ژمارەیەش ١٣ پڕۆژەیان بە تەواوی بڕگەکانیانەوە کۆتاییان هاتووە، چونکە یەک پڕۆژە زیاتر لە بڕگەیەکی کارکردن لەخۆدەگرێت."

وتیشی: "٦ پڕۆژە تەواوکراون کە بەشێکن لە پڕۆژەکانی دیکە، ئەوانیش بەرزەپردی یەکتربڕی براسا و یەکتربڕی سەرافیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی دروستکردنی پردی دووەمی سەرافیە، هەروەها بەرزەپردی زەعفەرانیە لە چوارچێوەی پڕۆژەی دروستکردنی پردی غەززە تەواو کراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "تەواوکردنی بەرزەپردی مەسافی لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەستنەوەی پردی دوو نهۆمی بە پردی هەڵواسراوەوە، و تەواوکردنی بەرزەپردی سەرێدات لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەستنەوەی ڕێگای محەمەد قاسم بە ڕێگای بەغداد - کەرکوک، سەرەڕای تەواوکردنی پڕۆژەی ئەبو نەواس لە چوارچێوەی پڕۆژەی دروستکردنی پردی دووەمی جادریە."

سەفار دەڵێت: "کارکردن لەو پڕۆژانەی کە ماونەتەوە بەردەوامە، و پێشبینی دەکرێت کارەکانی پڕۆژەی پردی غەززە کە بەسەر ڕووباری دیجلەدا دەڕوات و ناوچەی دەورە بە زەعفەرانیەوە دەبەستێتەوە، هەروەها پڕۆژەی بەرزەپردی قادسیە (کە یەکێکە لە بڕگەکانی پڕۆژەی پردی دووەمی جادریە) لە ماوەی ئەمساڵدا تەواو بکرێن."

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو پڕۆژانەی کە بە تەواوی کۆتاییان هاتووە و بە کرداری کەوتوونەتە خزمەتەوە، بریتین لە: پڕۆژەی بەرزەپردی فایق حەسەن (هونەرە جوانەکان)، پڕۆژەی دروستکردنی بەرزەپردی قورتوبە، پڕۆژەی بەرزەپردەکانی بەستنەوەی گەڕەکەکانی ناوخۆ بە گەڕەکی موهەندیسین لە شەقامی فەلەستین، پڕۆژەی بەرزەپردەکانی بەستنەوەی ناوچەی جەمیلە بە باب موعەزەم، و پڕۆژەی بەستنەوەی ڕێگای خێرای محەمەد قاسم بە ڕێگای کەناڵی جەیش لە لای ڕۆستەمیەوە (بەرزەپرد و ژێرزەمینەکان)."

دووپاتیشیکردەوە: "ئەو پڕۆژانەی کە تەواوکراون، پڕۆژەی بەرزەپردەکانی دەورە - سەیدیە، پڕۆژەی بەرزەپردەکانی فەزێلیە - قودس - یەکتربڕی پەڕینەوە، پڕۆژەی بەرزەپردەکانی دوو یەکتربڕی گۆڕەپانەکانی عەدەن و سەنعا، لەگەڵ پڕۆژەی یەکتربڕی سەربازگەی ڕەشید (دروستکردنی ژێرزەمینێک لەگەڵ بەرزەپردێک کە بەسەر ڕێگای خێرای دەورە - بەغدادی نوێدا دەڕوات)، پڕۆژەی بەرزەپردەکانی تۆبچی - شالچیە، پڕۆژەی گۆڕەپانی نسوور (دروستکردنی ٢ بەرزەپرد لەگەڵ ٣ ژێرزەمین، جیا لە نۆژەنکردنەوەی هەردوو ژێرزەمینە کۆنەکە)، و پڕۆژەی بەرزەپردەکانی گۆڕەپانی تەلائیع و بەیجیە لەخۆدەگرن."