بەغداد - INA

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکـان، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاشکرای کرد کە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی سیستمی گومرگی و ملکەچکردنی دەروازەکانی هەرێم بۆ سیستمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا"، هاوتەریب لەگەڵ کاراکردنی ڕێکاری توند بە هەماهەکـنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و توندکردنی چاودێری بۆ ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە یان گەورەکردنی بەهای پسوولەکان.

سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکـان، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "هەماهەکـنگییەکی ئاستبەرز و لێکتێگەیشتنی پێشکەوتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی (ئەسیکۆدا) لە سەرجەم ناوەندە سنوورییەکانی هەرێمدا، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی".

وتیشی: "ئەو چوار نووسینگە گومرگییەی کە لە ئێستادا لە نێوان هەرێم و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووردا هەن، ڕێکارگەلێکی (کاتی)ن بۆ پاراستنی دادپەروەری لە نێوان بازرگاناندا"، جەختیشی کردەوە کە کاتێک هەرێم پابەند دەبێت بە سیستمی ئەلیکترۆنییەکەوە و دەروازە نەفەرمییەکان دادەخات، دەستبەجێ ئەم بازگە و خاڵە چاودێرییانە لادەبرێن.

له‌م چوارچێوەیەدا، داود جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی و تەوەرەیی بەڕێوەبەرایەتییەکە کردەوە لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم، ئەمەش لە ڕێگەی بەستنەوەی حەواڵە داراییەکان بە بەیاننامەی گومرگی پێشوەختە و کۆتایی بە هەماهەکـنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقدا، کە ئەم هەنگاوە بەشداربووە لە ڕێگریکردن لە چوونە دەرەوەی دراوی قورس بەبێ هاتنە ناوەوەی کاڵای ڕاستەقینە، و چاودێریکردنی گەورەکردن یان کەمکردنەوەی بەهای پسوولەکان (فاکتۆرەکان).

هەروەها ئاماژەی بە دۆسیەی بەخشینی گومرگی کرد و جەختی کردەوە کە ئەم دۆسیەیە بە تەواوی گۆڕدراوە بۆ سیستمێکی ئەلیکترۆنی کە گومرگ بە دەستەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پیشەسازییەوە دەبەستێتەوە بۆ دەرکردنی ڕەزامەندییەکان تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێردا، ئاماژەی بەوەش دا کە "تیمەکانی بەدواداچوون بەسەرکردنەوەی مەیدانیی لەناکاو ئەنجام دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە فێڵکردنی پڕۆژە وەهمییەکان، و جەختیشی کردەوە کە هیچ بەدەرکردنێکی (ئیستسنا) گومرگی لە دەرەوەی چوارچێوە یاساییە کارپێکراوەکاندا نابەخشرێت".