بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا ڕایانگەیاند لە وەڵامی هەنگاوەکانی ئێران بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دوای ئەوەی ئەمەریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئامادەن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن.
سەرکردەکانی چوار وڵات لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاویان کردووەتەوە، ڕایانگەیاندووە "ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئێمە ئامادەین لەگەڵ ئەمەریکا، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کاربکەین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە."
هەر لەم چوارچێوەیەدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنی ئاشتی ئەمەریکا و ئێرانی بە هەنگاوێکی چارەنووسساز ناو برد.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتنی ئاشتی ئەمەریکا و ئێران کە ئاگربەستی هەمیشەیی و کردنەوەی تەنگەی هورمز لەخۆدەگرێت، بە "هەنگاوێکی چارەنووسساز" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گۆتێرێس هیوای ئەوەی دەربڕیوە کە لایەنەکان ئەم دەرفەتە نوێیە بقۆزنەوە و هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی ململانێکان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە سکرتێری گشتی هیوادارە لایەنەکان لەسەر ئەم ڕێبازە نوێیە هەنگاو بنێن و هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی ململانێکان.



