کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی کرد و بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە و کردنەوەی تەنگەی هورمز ناوی برد.
ستارمەر پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترامپ و نێوەندگیرانی ڕێککەوتنەکە کرد، لەوانە پاکستان و قەتەر و وڵاتانی دیکە، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد ئێستا دەبێت گرنگی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بدرێت و دڵنیابوون لەوەی تەنگەی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە، هەروەها کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە. ئاماژەی بەوەشکرد لەندەن ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی ئەو گفتوگۆ تەکنیکیانەی کە لە ئارادان.
ستارمەر هەروەها جەختی لە پێویستی گەڕانەوەی تەواو و بێ بەربەست بۆ ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز کرد و وتی ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکانی چەند مانگی ڕابردوو لەسەر خێزانەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی و ئەگەر پێویست بکات پاڵپشتی ئەو ئەرکە فرەلایەنە دەکات کە لەندەن و پاریس ڕۆڵێکی ناوەندییان لە داڕەشتنیدا گێڕاوە، لەوانەش لە بواری پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی ئاشتی بەردەوام بێت، زۆر گرنگە کە بەڵێنەکانی لایەنەکان بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمی ئێران بەهێز بێت و پشتڕاست بکرێتەوە و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.
ستارمەر هەڵوێستی لەمێژینەی لەندەنی دووپاتکردەوە کە کۆماری ئیسلامی هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.



