دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند ئەگەر ئێران نەگەیشتە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریکا، ئەوا هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر تاران دەستپێدەکاتەوە یان ئەمەریکا دەکاتە "پارێزەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە بەرامبەردا 20%ی داهاتی ناوچەکەدا.

ترامپ هەروەها لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایگەیاند ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێران کردوویەتی، دواجار دڵنیایی دەدات کە تێپەڕین بەناو تەنگەی هورمزدا بۆ هەمیشە و بە بێ وەرگرتنی سەرانە دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند سەرەڕای دژایەتی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیلی لە لەناوبردنی ئەتۆمی ڕزگار کردووە.

ترامپ لە چاوپێکەوتنە 28 خولەکیەکەدا کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە کۆشکی سپی ئەنجامدرا، وتی بڕیارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی لە کۆتایی مانگی دوو و دواتریش سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێران دوای داخستنی تەنگەی هورمز، هاوسەنگی هێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە بەرژەوەندی ئەمەریکا گۆڕیوە.

سەرۆک ترامپ کە ئاهەنگی 80 ساڵەی لەدایکبوونی بوو، ستایشی شی جینپینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیای کرد کە هاوکاریان کردووە بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە.

ترامپ وتی هێشتا لە ئێران ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا دەبێت واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت یان نا. ناوبراو وتی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا پێداگری لەسەر مافی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە، بەڵام دانوستانەکان لەسەر ڕاگرتنی 20 ساڵە بەردەوامن و لەوانەیە ڕازی بێت بە ڕاگرتنی 15ساڵ.

سەرۆک ترامپ هەروەها وتی کە لە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتاییدا، ڕێژیمی ئێران تەنیا لە ئاستێکی نزمدا ڕێگەی پێدەدرێت پیتاندن بکات، ئاستێک کە بە وتەی سەرۆکی ئەمەریکا "هەرگیز توانای بەکارهێنانی سەربازیی نابێت".