ڵینزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆماری لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پێشوازی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەم دواییەی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز کرد، بەڵام نیگەرانی خۆی لە هەندێک ناڕوونی لە پرۆسەی ڕێککەوتنەکەدا دەربڕی.

گراهام ڕایگەیاند کە بە بیستنی هەواڵی ڕێککەوتنی کردنەوەی تەنگەی هورمز خۆشحاڵە و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دانوستانەکانی بەرنامە ئەتۆمی ئێران و پرسەکانی دیکەی پێوەندیدار دەکات.

گراهام هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە نیگەرانە لەوەی تێڕوانینی ئێران بۆ ڕێککەوتنەکە جیاواز بێت لەوەی کە تیمی دانوستانکاری ئەمەریکایی ڕایگەیاندووە.

ئەو سیناتۆرە ئاماژەی بەوەشکردووە بەپێی یاساکانی ئەمەریکا، هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دەبێت بخرێتە بەردەم کۆنگرێس بۆ پێداچوونەوە و دەنگدان و وتی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی پێداچوونەوە بە ڕشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنەکە دەکات.

وتیشی جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس وەک یەکێک لە داڕێژەرانی ڕێککەوتنەکە پێویستە بەشداربێت لە پرۆسەی پێشکەشکردن و ڕوونکردنەوەی بۆ کۆنگرێس.

گراهام لە کۆتاییدا سوپاسی هەموو لایەنەکانی کرد کە دانوستانەکانیان گەیاندە ئەم ئاستە و وتی، کات دەریدەخات دەرئەنجامەکەی چی دەبێت.