بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2023ەوە 362 حوکمی لەسێدارەدان و 1500 حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەر بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا دەرچووە، جەختیشی کردەوە کە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە ئەنجامە دادوەرییەکاندا بەراورد بە ساڵانی پێشوو بەدی هاتووە.
عەقید عەباس بەهادلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: بەراوردێکی سادە لە نێوان ساڵانی دوایی و ساڵانی پێشوودا، قەبارەیەکی گەورەی هەوڵەکانی بەدواداچوونی دادوەری و ئەمنی دەردەخات.
ئاماژەشی بەوە کرد: کە لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئەمڕۆ، نزیکەی 362 حوکمی لەسێدارەدان بەسەر بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا دەرچووە.
بەهادلی راشیگەیاند: حوکمەکانی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بازرگانانی عێراقی تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە 1500 حوکم.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە ئەم ئامارە لە 2023 تاوەکو 2026 واتا ئەمساڵ دەگرێتەوە.
هەروەک وتیشی: ئەگەر بمانەوێت ئەم ژمارە و ئامارانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی پێشتر جێبەجێ کراوە، بەتایبەتی لە ساڵی 2022 بەرەو خوارەوە ، وەک ساڵانی 2021و 2022)، تەنها 7حوکمی لەسێدارەدان هەبووە،جەختیشی لە "جیاوازییەکی زۆر لە دەرچوونی 362حوکمی لەسێدارەدان و 1500 حوکمی زیندانی هەتاهەتایی لە ئێستادا بۆ بازرگانانی ئەم ژەهرانە کردەوە، کە ئەمەش رژدی و جیدیبوونی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە وشککردنی سەرچاوەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەردەخات.


