موسەننا – INA – ئایە مەنسوور
"باوکە گەردنم ئازاد بکە، دەتوانیت تەلەفۆنەکە بدەیتە دایکم؟ دەمکوژن، داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕەفتارێکم لێ وەشابێتەوە، لێم خۆش بن".. ئەمانە کۆتا وشەکانی شەهید ئەحمەد زێرجاوی بوون، کە لە ڕێگەی تەلەفۆنێکی نەناسراوەوە لەگەڵ باوکی قسەی پێکرد، پێش ئەوەی بکوژەکان تەلەفۆنەکە دابخەنەوە و کۆتاییهاتنی ژیانی ڕابگەیەنن، تاوەکو ڕۆحی ئەویش لەگەڵ ١٧٠٠ گەنجی دیکەدا بچێتە سەر کە لە کۆمەڵکوژیی سپایکەر لە ساڵی ٢٠١٤دا شەهید كران.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر ئەو تاوانەی کە تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش ئەنجامیاندا، هێشتا خەم و ئازار لە ناخی دڵی باوکی، کامیل زێرجاوی، نەخشێنراوە، کە ناخی پڕ لە ئازاری خۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی کردەوە و گوتی: "١٢ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی کوڕەکەمدا تێپەڕیوە و هێشتا بەدوای ڕووفاتەکەیدا دەگەڕێم، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ڤیدیۆی دانپێدانی ئەو تاوانبارانەدا دەرکەوت کە ئەم تاوانەیان ئەنجامدا، لەو کاتەدا داوای لێدەکردن لە کوشتنی بوەستن و پەلە نەکەن چونکە تەمەنی بچووک بوو، بەڵام بێسوود بوو".
زێرجاوی دەڵێت: "سیماکانی دەموچاوی لە ڤیدیۆکەدا دەریدەخەن کە لەو کاتەدا درکی بەوە کردووە کە ئەم بکوژانە هیچ بەزەییەک لە دڵیاندا نییە، ساتێکی سەخت بوو کە من و خێزانەکەم تێیدا ژیاین کاتێک تەماشای تیرۆریستەکەمان دەکرد کە دەمانچەکەی ئاراستەی سەری کوڕەکەم کردبوو و تەقەی لێکرد و پاشان فڕێیدایە ناو ڕووباری دیجلە، وەک بڵێی لەناو مۆتەکەیەکدا دەژین کە لەو ساتەوە لە خەیاڵماندا چەقیوە".
باوکەکە بەردەوام بوو لە یادکردنەوەی ژیانی کوڕەکەی و وتی: "ئەحمەدی کوڕم گەنجێکی دڵسۆز بوو، لە منداڵییەوە بەرپرسیارێتی هەڵگرتبوو، چرکەیەکیش دوودڵ نەبوو لە یارمەتیدانی خێزانەکەی و بیرکردنەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان، بەتایبەتی خانویەک کە تێیدا جێگیر بن، پەیوەندی بە دامەزراوەی سەربازییەوە کرد لەناو ڕیزەکانی سوپای عێراق لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین، دوای دوو مانگ لە چوونە ناو سوپا و تەواوکردنی مۆڵەتی مانگانەکەی، لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا گەڕایەوە بۆ یەکەکەی، و ئەوەش کۆتا جار بوو کە بینیمان".
رونیشیكردەوە: کە "هەر کە ئەحمەد گەیشتە سەربازگەکە، کەرتەکەیان ڕووبەڕووی هێرشێکی کتوپڕ بووەوە کە دوو ڕۆژی خایاند، ئەمەش بەرپرسانی کەرتەکەی ناچار کرد بگوازنەوە بۆ بنکەی سپایکەر، و لەو ساتەوە پەیوەندی پێوەی پچڕا"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "دوای چاوەڕوانییەکی درێژخایەن، پەیوەندییەکی لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە پێگەیشت، کە ئەحمەد بوو لە تەلەفۆنی یەکێک لە هاوڕێکانییەوە قسەی دەکرد و دەیگوت: (باوکە ئەمە تەلەفۆنی هاوڕێمە، ئێمە بە ڕێگایەکی نەزانراودا دەڕۆین من و دەیان سەربازی دیکە، نازانین چ ئاراستەیەک دەمانگەیەنێتە کەناری ئارامی و هەوڵدەدەین بگەینە هەر وێستگەیەکی گواستنەوە)".
باسی لەوەشكرد: "چەندین جار هەوڵمانداوە تەلەفۆن بۆ ژمارەکە بکەینەوە بەڵام بێسوود بوو چونکە داخرابوو، دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر ژمارەیەکی غەریب تەلەفۆنی کرد، دەنگێکی پڕ لە خوێن دەیگوت: ئایا تۆ باوکی ئەحمەدی؟ بیگرە قسە لەگەڵ کوڕەکەت بکە چونکە ئەمە کۆتا پەیوەندی دەبێت، تاوەکو ئەمانە ببنە کۆتا وشەکانی (باوکە گەردنم ئازاد بکە و دەستی دایکم ماچ بکە و مەهێڵە خەم بخوات، دۆعاخوازتانم)، پاشان پەیوەندییەکە پچڕا و لەگەڵیدا دوا داوی ئومێدیش پچڕا".
باوکەکە ئاماژەی بەوەشکرد: کە "دەستی بە گەشتێکی تاقەتپڕوکێن لە ئازار و خەم کرد بەدوای زانیارییەکدا، تاوەکو دوای چەند مانگێک ئەحمەد لە ڤیدیۆی دانپێدانی تیرۆریستەکاندا دەرکەوت، و بوو بە یەقین کە وەک شەهیدێکی غەدرلێکراو کەوتووە".
هەر لەو بارەیەوە، فاتمە، خوشکی شەهید ئەحمەد، بۆ (INA) دوا و گوتی: "ئەحمەد لە تەمەنی گەنجیدا کۆچی دوایی کرد و خەونی زۆری هەبوو، دوای چەندین ساڵ بەسەر کۆچەکەیدا هێشتا چاوەڕوانی پەیوەندییەکین کە دۆزینەوەی ڕووفاتەکەی پشتڕاست بکاتەوە تاوەکو گۆڕێکی بۆ بنیات بنێین کە ببێتە شایەتحاڵی چیرۆکەکەی".
فاتمە وردەکاریی کاتی ڕۆشتنەکەی بەبیر هێنایەوە و وتی: "لە چاوەکانیدا دڵخۆشییەکی گەورەم دەبینی کە جێگیر بووە لە کارێکدا بۆ خزمەتکردنی نیشتمان لە دامەزراوەی سەربازیدا"، ڕوونیشیکردەوە: کە "سەیرکردنی ڤیدیۆکە بووە هۆی شۆکێکی دەروونی قووڵ بۆی و جەستەی تووشی جۆرێک لە بەڵەکبوونی پێست و نەخۆشی شەکرە و هەوکردنی ڕژێنەکان بوو، هەروەها دایکیشی تووشی جەڵتەی مێشک بوو، و براکەی دیکەشی تووشی داخورانی ئێسکی حەوز بوو، و ماڵەکە گۆڕا بۆ پرسەیەکی ڕۆژانە کە گریان و شیوەنی لێ نەدەبڕا".
باسی لەوەشکرد: کە "خێزانەکە بۆ چەندین ساڵ نەیانتوانیوە سەردانی شوێنی کۆشکی سەرۆکایەتی لە سەڵاحەدین بکەن کە کۆمەڵکوژییەکەی تێدا ڕوویدا؛ بەهۆی نەبوونی توانای بینینی شوێنی قڕکردنی بەکۆمەڵەکە"، ئاماژەی بەوەشکرد: "هێشتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر ئەو بابەتە بڵاو دەکاتەوە".
فاتمە بەردەوام بوو: "بە شێوەیەکی خولی پەیامم پێدەگات لە ئەکاونتەوە وەك تەنگ پێهەڵچنین کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەحمەد هێشتا زیندووە و لە یەکێک لە زیندانەکانی سوریادایە، و داوای پارە دەکەن لە بەرانبەر ئازادکردنیدا، تەنانەت باوکم لە کاتێکدا ویستی باوەڕ بەو وەهمە بکات و دەنگی ببیستێت، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە بەبێ ناردنی پارە"، جەختیشی کردەوە، "ئێمە بەدوای وەهمدا دەگەڕاین لە کاتێکدا دەمانزانی ئەحمەد شەهید بووە دوای ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان کە فڕێدرایە ناو ڕووبارەکە لە کاتێکدا خوێن لە سەری دەهاتە خوارەوە و نوقم بوو، بەڵام هێشتا دڵۆپێک ئومێد لە قووڵایی دڵماندا نوقم بووە".



