بەغداد – INA

پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی ٢٠٢٦، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیپێکرد بە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هەڵبژاردەی مەکسیکی مێواندار و هاوتاكەی ئەفریقای باشوور لەسەر یاریگای "ئاستێکا" لە مەکسیكۆ سیتی پایتەختی مەکسیک، لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا.

ئەم خولەی ئێستا بە گەورەترین خول لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا دادەنرێت، چونکە بۆ یەکەمجار بەشداریی ٤٨ هەڵبژاردە بەخۆوە دەبینێت، و لە سێ وڵاتدا بەڕێوەدەچێت کە بریتین لە مەکسیک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا، و ١٠٤ یاری لەخۆدەگرێت کە بەسەر ١٦ شاری مێوانداردا دابەشبوون.

یاریی کردنەوەکە خاوەن خەسڵەتێکی مێژووییە، چونکە کردنەوەی مۆندیالی ٢٠١٠ بەبیر دەهێنێتەوە کاتێک هەردوو هەڵبژاردەکە لە ئەفریقای باشوور یەکتریان بینی و ڕووبەڕووبوونەوەکەش بە یەکسانبوون بە (١-١) کۆتایی هات.

هەردوو هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەی یەکەمدا لەگەڵ کۆریای باشوور و کۆماری چیکدان، لە کاتێکدا تەماشای یاریی کردنەوەکە دەکرێت وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پێشبڕکێی سەرکەوتن بۆ قۆناغەکانی یەکلاکردنەوە.