بەغداد - INA

هاوپەیمانی نەسر، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیکردەوە: دادپەروەری بۆ قوربانیانی سپایکەر بەبێ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسان و زامنکردنی مافی شەهیدان تەواو نابێت.

لە بەیاننامەیەکی هاوپەیمانی نەسردا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "ساڵیادی کارەساتی سپایکەر دێتەوە، کە یەکێکە لە قێزەونترین ئەو تاوانانەی تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش دەرهەق بە ڕۆڵەکانی عێراق ئەنجامیاندا، کە وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەری نیشتمانیدا دەمێنێتەوە، و دەبێتە شاهیدێک لەسەر دڕندەیی تیرۆر و هاوکاریکردنی، و مەترسی داڕمانی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەمتەرخەمی لە ئەرکەکانی وەک ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری".

ئەوەشی خستەڕوو: "هاوپەیمانی نەسر، لە کاتێکدا یادو سەروەری شەهیدانی سپایکەر دەکاتەوە، دروود بۆ گیانی پاکیان دەنێرێت و هاوسۆزی خۆی بۆ خێزانەکانیان نوێ دەکاتەوە"، جەختیشیکردەوە کە "دادپەروەری بۆ قوربانییان تەواو نابێت مەگەر بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، لێپرسینەوە، دەستەبەرکردنی مافەکانی کەسوکاری شەهیدان و پاراستنی کەرامەتیان".

لە بەردەوامییدا هاتووە: "عێراق بە قوربانیدانی ڕۆڵەکانی و یەکڕیزی گەلەکەی بەسەر داعشدا سەرکەوت، و بەرپرسیارێتی دەوڵەت و هێزە نیشتمانییەکان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئەم سەرکەوتنە، ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و هۆکارەکانی داڕمان، و بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و بەهێز کە ڕێگە نەدات کارەساتی لەم شێوەیە دووبارە ببنەوە".