سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر کوردی بە بردنی چەکی خۆپیشاندەرانی ئێران تۆمەتبار کرد و دوو جار لەسەر یەک ڕایگەیاند "کوردەکان، ئەمەم لەبیر دەمێنێت."

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، "ئێمە چەکمان بۆ خۆپیشاندەران نارد و زۆر بێ هیوابووین لە کوردەکان. کوردەکان بێ هیوایان کردین."

ترامپ گوتی، "من لەگەڵ بڕیاری ناردنی چەک لەڕێگەی ئەوانەوە نەبووم و پێم وا نەبوو چەکەکان بدەنە دەستی خۆپیشاندەران و گوتم بۆ خۆیانی دەبەن."

ڕاشیگەیاند، "ئەوە جێگەی شەرمەزارییە. کوردەکان، ئەمەم لە بیر دەمێنێت، ئەوەم لەبیر دەمێنێت."

لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی وتوێژێکی تەلەفۆنیدا بوو لەگەڵ تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز.

ترامپ ڕایگەیاند کوشتار و توندوتیژی هێزەکانی ئێران بووەتە هۆی کپکردنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییە گشتییەکانی ناو ئەو وڵاتە.