فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس بڵاویکردووەتەوە هێزەکانی ئەمەریکا کاتژمێر 11:20 خولەکی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن کەشتییەکی نەوتهەڵگریان لە کەنداوی عومان لەکارخستووە. سێنتکۆم دەڵێت کەشتی ئێم تی جەڵڤیر کە ئاڵای گینیا-بیساوی لەسەر بووە، خەریکی گواستنەوەی نەوتی ئێران و بە پێشێلکردنی ئەو سزایانە بووە کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی سێنتکۆم، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە وەڵامی هۆشداری و فەرمانەکانی هێزەکانی ئەمەریکایان نەداوەتەوە، فڕۆکەیەکی ئەمەریکایی دوو مووشەکیان ئاراستەی ژووری بزوێنەری نەوتهەڵگرەکە کردووە و بەهۆیەوە لەکارکەوتووە.

سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاندووە دوو نەوتهەڵگری دیکە کە ئاڵای وڵاتی پالاویان لەسەر بووە بە ناوەکانی "ماریڤێکس" و "سێتبێلۆ" لە چالاکییەکی هاوشێوەدا لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا کراونەتە ئامانج. بەگوێرەی ئەو فەرماندەییە، یەکێک لە کەشتیەکان بەرەو بەندەرێکی ئێران ڕۆیشتووە و ئەوی دیکەش نەوتی ئێرانی گواستوەتەوە.

سێنتکۆم دەڵێت لە 13ی مانگی چوارەوە کە گەمارۆکە دەستیپێکردووە، 9 کەشتیی پێشێکاری گەمارۆکەی لەکارخستووە و 135 کەشتییان ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و ڕێگەشیان بە تێپەڕبوونی 42 کەشتیی هەڵگری یارمەتییە مرۆییەکان داوە.

سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە ئەو گەمارۆیە بە یەکسانی ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە لە هەموو وڵاتانەوە دەچنە ناو بەندەر و ناوچە کەنارییەکانی ئێران لە کەنداوی فارس و کەنداوی عومان.