بەغداد- INA
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پابەندبوونی خۆی بە دادگاییكردنی سەرجەم تێوەگلاوانی تاوانی سپایکەر و ڕێگریکردن لە ڕزگاربوونیان لە سزا دووپات کردەوە.
دەسەڵاتی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە دوازدەمین ساڵیادی تاوانی سپایکەردا، بە کڕنووش و ڕێزەوە یاد و مێژووی شەهیدانی دەکەینەوە، کە بوونە قوربانیی یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانەی تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش دەرهەق بە ڕۆڵەکانی عێراق ئەنجامیان دا، کە تا ئێستاش وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەریی نیشتمانیدا ماوەتەوە و شایەتێکی زیندووە لەسەر دڕندەیی تیرۆر".
ئەوەشی خستووەتەڕوو: "تاوانی سپایکەر تەنها یادەوەرییەکی تێپەڕ نەبووە و نابێت، بەڵکو دۆسیەیەکی بەردەوامی دادپەروەرییە"، جەختیشی لەسەر "پابەندبوونی خۆی کردووەتەوە بە دادگایكردنی سەرجەم تێوەگلاوان تێیدا و ڕێگەنەدان بە دەربازبوونیان لە سزا، ئەمەش بە کرداری ڕەنگی داوەتەوە لە ڕێگەی دەرکردنی حوکمە دادوەرییەکانی دادگا تایبەتمەندەکان دژی ئەو تۆمەتبارانەی تێوەگلاون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە نەکراوەدا".
لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: "لەو یادە بەئازارەدا، سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، پەیمانی خۆی نوێ دەکاتەوە بۆ پاراستنی یادەوەریی نیشتمانی، بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بەدۆکیۆمێنتکردن، ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی دادپەروەری، وەک وەفایەک بۆ خوێنی پاکی شەهیدان و بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ خێزانە خۆڕاگرەکانیان، تا گەیشتن بە سزادانی دادپەروەرانەی سەرجەم تێوەگلاوان، ڕەحمەت و نەمرانیش بۆ شەهیدانی سپایکەر"، جەختیشیکردووەتەوە: کە "ڕاستی و دادپەروەری پەیمانێکی نیشتمانی و یاسایین و بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن".
