بەغدا - INA

عەمید سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی کردەوە کە بارودۆخی ئەمنی لە عێراق سەقامگیرییەکی تەواو و بەردەوام بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە پێداچوونەوەیەکی ورد و سوودوەرگرتن لەو وانانەی لە قۆناغی کەوتنی مووسڵدا فێریان بوون، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق خاوەنی بنکەیەکی زانیاری هەواڵگریی زەبەلاحە کە بووەتە هۆی پووچەڵکردنەوەی چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە فەرەنسا و ئیسپانیا.

نوعمان بە کەناڵی (العراقية الإخبارية)ی ڕاگەیاند و ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە: یادکردنەوەی کەوتنی مووسڵ و کۆمەڵکوژیی سپایکەر بۆ دووبارەکردنەوەی ئازار نییە، بەڵکو بۆ بەبیرهێنانەوەی قەبارەی ئەو قوربانییانەیە کە عێراقییەکان لە پێناو ڕزگارکردنی خاکەکەدا پێشکەشیان کرد، هەروەها بۆ داڕشتنی سیماکانی تەواکاریی سەروەری و دامەزراندنی ڕێبازێکی ئەمنی سەقامگیر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

وتیشی: لە فەتوای مەرجەعییەتی باڵاوە، حەشدی شەعبی پاڵەوان هاتە کایەوە، کە تەنها پشتیوان نەبوو بۆ هێزە ئەمنییەکان، بەڵکو هاوبەشێکی سەرەکی بوو لە دروستکردنی سەرکەوتندا، هەروەها دەستخۆشی لە ڕۆڵ و قوربانیدانی ڕاگەیاندنی عێراقی کرد کە تەنها گواستنەوەی ڕووداوەکان نەبووە، بەڵکو جەنگاوەرێکی ڕاستەقینە بووە لە مەیداندا و بە کامێراکەی جەنگاوە.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی ڕوونی کردەوە کە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵ بووە دیوارێکی پارێزەر بۆ دەوروبەری ناوچەیی و نێودەوڵەتی, ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە مووسڵ چەکداری زیاتر لە ٦٧ ڕەگەزنامەی جیاوازیان تێدا بووە.

نوعمان ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق پێش و لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و دواتریش، بنکەیەکی زانیاری زۆر گەورەی بەدەستهێنا لە ئەنجامی دەستگیرکردنی پاشماوەی ئەو چەکدارانە، کە بووە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ ئەو زانیارییانەی وڵاتانی تری جیهان پێویستیان بوو، جەختیشی کردەوە کە سیستەمی هەواڵگریی عێراق زانیاریی پێشوەختەی گرنگی داوەتە هاوتاکانی لە وڵاتانی جیهان، کە پیلانەکانی داعشی لە فەرەنسا و ئیسپانیا پووچەڵ کردووەتەوە، ئاماژەی بە بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی جیهان کرد بەهۆی ئەو ئەزموونە مەیدانییە گەورەیەی کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەدەستیان هێناوە.

سەبارەت بە تواناکانی ئێستا، نوعمان ڕایگەیاند: عێراق ئەمڕۆ لە گەشەسەندندایە لە ڕووی توانا هەواڵگرییە تەکنیکی و تەکنەلۆژییەکان و توانای مرۆییەوە، جەختی کردەوە کە سەرۆک وەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بایەخێکی زۆر بە بونیادنانی سیستەمی هەواڵگری و پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکان دەدات بەو چەکانەی کە لەگەڵ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیاندا دەگونجێن.

لە کۆتاییدا وتی: پاراستنی فکریی هاووڵاتیی عێراقی بووەتە هۆکارێکی سەرەکی لە سیستەمی ئەمنیدا، چونکە هاووڵاتی بووەتە سەرچاوەی زانیاری و پشتیوان و یاریدەدەری هێزە ئەمنییەکان، ئەمەش وای کردووە سیستەمێکی تەواو لە ڕووی هەواڵگری، فەرماندەیی، فکری و ئەمنییەوە بێتە کایەوە.