بەغدا - INA
چوار سەرۆکایەتییەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیان لە گرنگیی پشتگیریکردنی حکومەت کردەوە، و وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی خێراکردنی تەواوکردنی کابینەی وەزاری، ئاماژەیان بە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کرد بۆ داواکردنی ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە پەرەسەندنێکی گرژییەکان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نیردراوە ڕایگەیاند: نزار ئامیدی، سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغدا میوانداریی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی کرد، کە پێکهاتبوو لە عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، و فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، تێیدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی وڵات و پێشهاتە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان کرا، لە گەڵ پێشهاتەکانی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد: بەشداربووان جەختیان لەسەر پێویستیی خێراکردنی تەواوکردنی کابینەی وەزاری لە زووترین کاتدا کردەوە، بە جۆرێک یارمەتیدەر بێت لە بەرزکردنەوەی کارایی حکومەت و بەهێزکردنی توانای دامەزراوە جێبەجێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاری و بەدیهێنانی ئامانجەکانی. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پشتگیری و بەهێزکردنی هەوڵەکانی حکومەت و ڕێکارەکانی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە گەشەپێدانەکانی کردەوە، و گرتنەبەری ئەو ڕێکارانەی کە زامنی دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و باشترکردنی بژێوییان دەکەن، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە پارێزگا جیاوازەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکایەتییەکان جەختیان کردەوە لەسەر گرنگیی پەسەندکردنی یاسا پێویستەکان، و هەموارکردنەوەی یاساکانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنیان، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە پشتگیریکردنی کارەکانی حکومەت و پەرەپێدانی دامەزراوەکانی دەوڵەت، و بەهێزکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان و چاکسازی و بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی.
هەروەها سەرۆکایەتییەکان جارێکی تر جەختیان لەسەر بنەمای هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سەروەریی یاسا و چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت، و دەستخۆشییان لەو هەڵوێست و هەنگاوە نیشتمانییانە کرد کە ئەو لایەن و هێزانە ڕایانگەیاندووە کە دەستیان پێ کردووە بە پچڕاندنی پەیوەندی لە دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمەش لەپێناو گونجان لەگەڵ دەستوور و یاسا و پێداویستییەکانی بونیادنانی دەوڵەت.
هەروەها جەختیان کردەوە کە بڕیارە ئەمنی و سەربازییەکان دەبێت تەنها لە دەستی دەوڵەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانیدا بن و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بن، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی وڵات و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگیی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری کردەوە لە سەپاندنی یاسا و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە دەستدرێژی دەکاتە سەر ماڵی گشتی و دامەزراوەکانی دەوڵەت یان هەڕەشە لە ئاسایشی دەوڵەت دەکات، بە مەبەستی پاراستنی سیستەمی دەستووری و مافی هاووڵاتیان و چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەریی یاسا.
لە کاروباری ئابووری و داراییشدا، سەرۆکایەتییەکان جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی و پشتگیریکردنی ئابووری نیشتمانی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و تەنها پشتنەبەستن بە داهاتی نەوت کردەوە، ئەمەش لە ڕێگەی گەشەپێدانی کەرتەکانی بەرهەمهێنان، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری، و هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی، و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵی خۆی لە گەشەپێدانی ئابووریدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکومەت و ڕێکارەکانی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازیی ئابووری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.
سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، سەرۆکایەتییەکان جەختیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە بۆ داواکردنی ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە پەرەسەندن و گرژییەک لە ناوچەکەدا، و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ململانێ و ناکۆکییەکان. جەختیشیان کردەوە کە بەردەوامیی ململانێکان هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی گەلانی ناوچەکە دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری جیهان و ئاسایشی وزە و بازرگانی نێودەوڵەتی دەبێت. هەروەها جەختیان لەسەر پشتگیری عێراق بۆ هەموو هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی کردەوە، و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک یان زیانگەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە. هاوکات بەشداربووان جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندی و لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی و ئیسلامی کردەوە بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و سەقامگیریی ناوچەیی بەهێز بکات.
