بەغدا - INA

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی و شاندی هاوڕێی، کۆتاییان بە سەردانە فەرمییەکەیان بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی هێنا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی و شاندی هاوڕێی، کۆتاییان بە سەردانە فەرمییەکەیان بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی هێنا، کە سەردانەکە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئوردن مازن قازی، سەرۆک وەزیران جەعفەر حەسسان، و سەرۆکی ئەنجومەنی پیران فەیسەڵ فایز لەخۆگرتبوو".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە، "له میانی دیدارەکاندا تاووتوێی شێوازەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردن و پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و پەرلەمانیدا کرا، هاوکات جەخت لەسەر قووڵیی پێوەندییە برایانە و مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلانی برا کرایەوە".

ڕوونیشی کردەوە "هەروەها جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییە هاوبەشەکان کرایەوە، کە لە پێشەنگیاندا پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبە و پڕۆژەی بەستنەوەی کارەبا هەیە، لە پاڵ فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، وزە و گواستنەوەدا، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بەدیبهێنێت".

ئاماژەی بەوەش کرد "دیدارەکان جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی پەرلەمانی و یەکخستنی هەڵوێستەکان لە کۆڕ و کۆبوونەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە، لە پاڵ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە هاوبەشەکان، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی هاوکاریی عەرەبی و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە".