بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی، جەختی لەسەر پرسی سەروەریی نیشتیمانی و سنووردارکردنی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا کردەوە، لەگەڵ لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە ئاسایش و سەقامگیری تێکبدات، هاوکات جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق وەک خاڵێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەباح نعمان، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کرد".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاووتوێیەکی تێر و تەسەل بۆ دیارترین دەرهاوێشتە و پێشهاتە هەرێمییەکانی ئێستای ناوچەکە و کاریگەرییە ئەگەرییەکانیان لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی کرا، کاتێک پلانە پێشوەختەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی خرانە ڕوو".

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کۆبوونەوەکە جەختکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی لەخۆگرتووە لەسەر پرسی سەروەریی نیشتیمانی و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە ئاسایش و سەقامگیری تێکبدات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق وەک بنکەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ".

نعمان جەختی کردەوە کە "فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە گرنگیی کارکردن بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کرد، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر سەقامگیریی وڵات دەبێت، و کۆمەڵێک ڕێنمایی و بڕیاری دەرکرد کە وەڵامدانەوەی خێرا بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە دیمەنی هەرێمییەکەدا مسۆگەر دەکەن".