زیقار – INA – زەهرا سەباح

ئەمڕۆ دووشەممە، ئیدارەی نەخۆشخانەی فێرکاریی ناسریە، ئامادەباشی تەواوی کادیرە پزیشکی و پەرستارییەکانی بۆ پێشوازیکردن و فریاکەوتنی قوربانیانی ڕووداوەکەی هاتوچۆ و ئاگرکەوتنەوەکە ڕاگرت، کە لەسەر ڕێگای خێرای نێوان هەردوو پارێزگای بەغدا و ذی قار ڕوویدابوو، ئاماژەی بەوەش کرد کە بارودۆخی بریندارە ناجێگیرەکان لەژێر کۆنترۆڵدایە و دەگوازرێنەوە بۆ بەسرە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، دکتۆر مستەفا جەلوود بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "فەرمانگەی نەشتەرگەرییە پزیشکییەکان و فریاکەوتنی خێرا، لە کاتژمێر چواری ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، نەخۆشخانەکەیان ئاگادارکردەوە لە ڕووداوێکی هاتوچۆ کە ببووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە پاسەکانی گواستنەوەی سەرنشینان لەسەر ڕێگای خێرای نێوان بەغدا و ناسریە".

جەلوود ئاماژەی بەوەشکرد کە: "دەستبەجێ کادیرانی پزیشکی ئێشکگر خرانە ئامادەباشییەوە و شانەی قەیرانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکانی پسپۆڕدا کارا کرا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "نەخۆشخانەکە پێشوازی لە چەندین بریندار کرد کە برینەکانیان لە نێوان مامناوەند و سووکدا بوون، و زۆربەیان دوای وەرگرتنی فریاکەوتن و چارەسەری پێویست نەخۆشخانەیان جێهێشتووە".

ڕوونیشی کردەوە: "زۆربەی بریندارەکان دانیشتووی پارێزگای بەسرەن، لەگەڵ بوونی دوو برینداری تر کە ڕەگەزنامەی ئێرانییان هەیە"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "لە ئێستادا دوو برینداری ناجێگیر لە بەشی سووتاندا ماونەتەوە و چاودێری چڕ دەکرێن، و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگای بەسرە بە مەبەستی تەواوکردنی چارەسەرەکانیان".

لای خۆشییەوە، پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانکاری لە نەخۆشخانەکە، دکتۆر سەیفەدین حەیدەر، واقیعی پزیشکیی بریندارەکانی لە لێدوانێکدا بۆ (INA) ڕوون کردەوە و وتی: "بەشی سووتان پێشوازی لە نۆ نەخۆش کرد بەهۆی ڕووداوەکەوە، کە حەوتیان دوای چاکبوونەوە و وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، لە کاتێکدا لە ئێستادا دوو نەخۆش لە ناو هۆڵەکاندا ماونەتەوە".

حەیدەر ئاماژەی بەوەش کرد: "نەخۆشی یەکەم ڕێژەی سووتانی 30% بووە، لە کاتێکدا نەخۆشی دووەم ڕێژەی سووتانی گەیشتووەتە 40%، کە لە ئێستادا وەک مەترسیدارترین بارودۆخ پۆلێن دەکرێت و لەژێر چاودێریی توندی پزیشکیدایە".

دوێنێ یەکشەممە، ئەنجومەنی پارێزگای ذی قار تۆمارکردنی 21 حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە 20 برینداری ڕاگەیاند، بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆی پاسێکی گواستنەوەی زیارەتکاران لە نزیک شاری ناسریە لەسەر ڕێگای بەسرە.