بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی و سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی ئوردن فەیسەڵ فایز، باسیان لە شێوازەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و عێراق و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و پەرلەمانیدا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانیدا، چاوی بە سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی ئوردن فەیسەڵ فایز کەوت".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە بارەگای ئەنجومەنی پیرانی ئوردن کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا، کە تێیدا تیشک خرایە سەر شێوازەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئوردن و عێراق و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی ئابووری و پەرلەمانی".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، حەلبووسی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە "قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردن کرد، و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون لە پڕۆژەی بۆریی نەوتی بەسرە–عەقەبە و گرنگیی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت کردەوە، لە پاڵ سوودوەرگرتن لە زیادەی کارەبای ئوردن".

لای خۆشییەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی ئوردن جەختی لە "پتەوی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پەرۆشیی ئوردن بۆ پەرپێدانیان کردەوە، و داوای کاراکردنی ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکان، زیادکردنی وەبەرهێنانی هاوبەش، و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بەستنەوەی ستراتیژی کرد، کە لە پێشەنگیاندا بۆریی نەوت و بەستنەوەی کارەبا هەن".

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی دۆسیەی فەڵەستین، و گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی عەرەبی کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە هەرێمییەکانی ئێستا".