شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە نێوندگیری سەرەکیی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکایە، ڕۆژی دووشەممە لە پەیامێکدا داوای لە لایەنەکان کرد دان بە خۆیاندا بگرن و درێژە بە پرۆسەی دیپلۆماسی بدەن و ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی کۆتایی وتووێژەکان خەریکە دەگاتە ئامانج.
حکومەتی ئێران شەوی یەکشەممە مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا کەشێکی نائاسایی و شەڕانگێزانە لە نێوان ئێران و ئیسرائیل پەرەی سەند.
دوای کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "ئێستا کە بە تایبەتی ئامانجی کۆتایی نزیکە لەوەی بێتە ئاراوە، لە دڵەوە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە دان بە خۆیاندا بگرن و دەرفەتێکی دیکە بە ئاشتی بدەن."
شەهباز شەریف لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات کە پەرەسەندنی ئەم دواییەی گرژی و ململانێکان لە ناوچەکەدا بیرهێنانەوەی مەترسییەکانی ناسەقامگیری و لەناوچوونی ئاگربەستەکەیە، دۆخێک کە بە وتەی ناوبراو دەتوانێ لێکەوتەی قورسی بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەبێت.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان جەختی لەوە کردووەتەوە وڵاتەکەی لەگەڵ هاوبەش و وڵاتانی دۆست کاردەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە و دیپلۆماسی و دانوستانەکان لەسەر ڕێگایەکن کە دەتوانێت ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوادا بێت.
شەهباز شەریف داوای لە هەموو لایەنەکان کرد خۆیان لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدوور بگرن و دەرفەتی زیاتر بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بڕەخسێنن.



