بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی پەروەردە، ئامادەیی خۆی بۆ پێشوازیکردن لە زیاتر لە 650 هەزار قوتابی بۆ تاقیکردنەوەکانی شەشەمی ئامادەیی ڕاگەیاند.
وتەبێژی وەزارەت کەریم سەید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "وەزارەت بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ تاقیکردنەوەکانی شەشەمی ئامادەیی، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی سێیەمی ناوەندی و سەرکەوتنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی شەشەمی سەرەتایی".
سەید ڕوونی کردەوە کە "هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 650 هەزار قوتابی ڕوو لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دەکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی شەشەمی ئامادەیی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەت بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەزگا ئەمنییەکان، سەرجەم پێداویستییەکانی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دابین کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "وەزارەت لە ئامادەیی تەواودایە بۆ پاراستنی تاقیکردنەوەکان، لەگەڵ پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی وەزیری پەروەردە کە پرسیارەکان گونجاو بن لەگەڵ ئاستی قوتابییاندا، سەرەڕای کارکردن بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بە گشتی".
لە لایەکەی دیکەوە، سەید ئاماژەی بەوە کرد کە "وەزارەت بەردەوامە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی چڕ، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی وەزیری پەروەردە، بۆ ئامادەکردنی کاغەزی چاکسازیی پەروەردەیی، کە سەرنج دەخاتە سەر تەوەرە سەرەکییەکان و ئەو دۆسیانەی پێویستیان بە پاڵپشتی و پەرەپێدان هەیە لە نێو پرۆسەی پەروەردەدا".
تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "وەزیری پەروەردە عەبدولکەریم عەبتان زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پسپۆڕەکان ئەنجام دەدات بۆ داڕشتنی تەوەرەکانی چاکسازی لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەکانی کاردا بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە وڵاتدا".

