بەغدا - INA

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی قاسم ئەعرەجی، جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ نێردەی ناتۆ کردەوە لە بوارەکانی ڕاهێنان و ڕاوێژکاریدا.

لە ڕاگەیەندراوێکی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتیمانیدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، هاتووە: "ئەعرەجی لەگەڵ فەرماندەی نێردەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عێراق، ڕامۆن ئارمادا فاسکێز، دواین پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە و شێوازەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی تاوتێ کرد"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەعرەجی لە ڕێگەی بازنەیەکی تەلەفزیۆنییەوە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فاسکێز لە شوێنی کاتیی خۆی لە ناپۆلی ئەنجامدا، کە تێیدا کۆمەڵێک دۆسیەی جێی بایەخی هاوبەش و پەرەسەندنە ئاسایشییەکانی ناوچەکە تاوتێ کران، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان عێراق و نێردەی ناتۆ بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و بەهێزکردنی توانای ئاسایشیی عێراق".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەعرەجی جەختی کردەوە لە "گرنگیی بەردەوامبوونی هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ نێردەی ناتۆ لە بوارەکانی ڕاهێنان و ڕاوێژکاریدا, لە پاڵ بوارەکانی ژیریی دەستکرد (AI)، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ئاسایشی سایبەریدا، بە جۆرێک کە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی عێراق بکات لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە جیاوازەکانی ئاسایش"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "نێردەی ناتۆ لە عێراق ڕۆڵێکی ڕاوێژکاری و ڕاهێنان دەگێڕێت بۆ پاڵپشتیکردنی توانای نیشتمانی".

ئەعرەجی جەختیشی کردەوە لەسەر "پێویستیی یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی هێمنی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە، و پەنابردن بۆ یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی قەیران و تەحەددییەکانی ئێستادا".

لای خۆشییەوە، فاسکێز جەختی کردەوە لە "بەردەوامبوونی پاڵپشتیی ناتۆ بۆ عێراق لە بوارەکانی ڕاهێنان و بونیادنانی تواناکاندا، بە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و ئاسایشی سایبەریشەوە، ئەمەش بەپێی ئەو ستراتیژی و لەپێشینەییانەی کە حکومەتی عێراق دایان دەنێت، و بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەکانی دامەزراوە ئاسایشییەکانی عێراقدا".