بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی سەعدی ووهەیب، وەزیری کارەبا،لەگەڵ "لی جون ئیل"باڵیۆزی کۆماری کۆریای باشوور لە عێراق،تاوتوێی ئاسۆی هاریکاری هاوبەشیان لە بوارەکانی وزەی کارەبادا کرد،وەزیری کارەبا جەختیشی کردەوە لە ئامادەیی وەزارەت بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و پاڵپشت بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی وزە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : عەلی سەعدی ووهەیب، وەزیری کارەبا،پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری کۆریای باشوور لە عێراق کرد و لە دیدارێکدا تاوتوێی ئاسۆی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی وزەی کارەبا، و فراوانکردنی هاوبەشییە هونەری و وەبەرهێنانەکان بەشێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندی هەردوو وڵات بکات کرا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لە دیدارەکەدا بارودۆخی کەرتی کارەبا لە عێراق و ئەو هەلانەی بۆ هاریکاری لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی کۆریادا هەن، تاوتوێکران، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرهەمهێنان،و گواستنەوە و دابەشکردنی وزە،ئەوە جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری سوودوەرگرتن لە ئەزموون و تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی کۆریای باشوور بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزە و بەرزکردنەوەی کارایی سیستەمی کارەبا.
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : وەزیری کارەبا جەختی کردەوە لە سووربوونی وەزارەتی کارەبا لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست و ستایشی ئەزموونی پێشکەوتووی کۆریای کرد لە کەرتی وزە و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکاندا، هەروەها ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو و پاڵپشت بۆ سەرخستنی پڕۆژە هاوبەشەکان.
لە لای خۆیەوە، باڵیۆزی کۆماری کۆریای باشوور بایەخدانی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ عێراق لە کەرتی کارەبادا" دەربڕی، و جەختی کردەوە لە "ئامادەیی کۆمپانیا کۆرییەکان بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی وزە و وەڵامدانەوەی خواستە زۆرەکەی سەر کارەبا.


