بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕایگەیاند کە ژمارەیەک دزەکەر دەستگیرکراون و چەندین کۆگای چەک و تەقەمەنی لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە دەستبەسەردا گیراون.

دەزگاکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندووە: یەکەیەکی دەزگاکە لە پارێزگای نەینەوا، پاش بەدواداچوونی هەواڵگری و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەری، توانیویانە ژمارەیەک دزەکەر لە وڵاتانی دیکەوە دەستگیر بکەن، کە بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری عێراقیان بەزاندبوو و گەیشتبوونە شاری موسڵ.

بەگوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەکە : دەستگیرکراوان بەپێی یاسای نیشتەجێبوون دەستبەسەر کراون تا ڕێکارە یاساییەکانیان بەرامبەر بگیرێتە بەر.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشداوە : کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردنی دادوەریدا، مەفرەزەکانمان لە نەینەوا ئۆپەراسیۆنێکی جۆرییان لە ناوچەی دەواسەی لای ڕاستی شاری موسڵ ئەنجامدا، بەپێی مادەی (37)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی پارە بۆ تیرۆر، کە ئەنجامەکەی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بوو.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە پارێزگای دیالە، بە پشتبەستن بە زانیاری هەواڵگری، دەزگاکەمان توانیویەتی کۆگایەکی تەقەمەنی کە پاشماوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە لە ناوچەی نەدای قەزای بەلەدروز بدۆزێتەوە،کە کۆگاکە پێکهاتبوو لە (25) گوللـە هاوەنی (60 ملم)، و (19) موشەکی قەبارە گەورە، لەگەڵ (3) بۆمبی چێندراو، کە سەرجەمیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا و بە شێوەیەکی یاسایی لەناوبران.