بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە زیانی بە دامەزراوەیەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی ئەتۆمی بەکارهێنراو گەیاندووە لە ناوچەی دابڕاوی چۆرنۆبیلی ئۆکرانیا.
بە پێی ئاژانسەکە درۆنەکە بەر نێوەندی هەڵگرتنی سووتەمەنی بەکارهێنراو کەوتووە و زیانێکی زۆری بە بینای وەرگرتنی سووتەمەنی گەیاندووە. ئۆکرانیا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاگادارکردووەتەوە کە ڕووبەر و پەنجەرە و دەرگاکانی بیناکە زیانیان بەرکەوتووە، لە هەمانکاتدا باڵەخانەکانی نزیکیش بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەکە کاریگەرییان لەسەر بووە.
سەرەڕای زیانەکان، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ڕاپۆرتیان دا کە ئاستی تیشکدانەوە لە شوێنەکەدا لە سنووری ئاسایی سەلامەتیدا ماوەتەوە.
بڕیارە تیمێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە لە شاری چۆرنۆبیل جێگیرکراون، پشکنینی ئەو دامەزراوەیە بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی هێرشەکە.
ئەم ڕووداوە نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە شوێنەکە بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی ئەتۆمی بەکارهێنراو لە وێستگەکانی وزەی ئەتۆمی ئۆکرانیا هەڵدەگرێت. هەرچەندە ماددە ئەتۆمییە هەڵگیراوەکە ڕاستەوخۆ بەر نەکەوتووە، بەڵام تەنها مەودایەکی کورت لە بینا زیانلێکەوتووەکەوە دوورە.
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هێرشەکەی بە "زۆر نیگەرانکەر" وەسفکرد، ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە لە دامەزراوەیەکدا ڕوویداوە کە " لە دامەزراوەیەکدا ڕوویدا بڕێکی زۆر مادەی ئەتۆمی تێدابوو، کە تەنها مەترێک کە ئەو بینایە تەنها چەند مەترێک لە کۆگاکەوە دوورە."
ناوچەی دابڕاوی چۆرنۆبیل شوێنی کارەساتی ئەتۆمی ساڵی 1986ە کە یەکێک لە خراپترین ڕووداوە ئەتۆمییەکانی جیهان لێی ڕوویدا. لە کاتێکدا کە دامەزراوە زیانلێکەوتووەکە جیایە لە ڕیاکتۆری لەناوچوو، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە هەڵگرتنی پاشماوەی تیشکدەر و سووتەمەنی ئەتۆمی بەکارهێنراو بە شێوەیەکی سەلامەت.
گرۆسی هەڵوێستی درێژخایەنی ئاژانسەکەی دووپاتکردەوە کە هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان هەرگیز نابێت ڕووبدات.
ناوبراو ئاماژەی بە "حەوت پایەی پێویست"ی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی ئەتۆمی لە کاتی شەڕی چەکداریدا کرد و گوتی "هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکان بە تەواوی قبوڵکراو نییە و پێچەوانەی ڕاستەوخۆی بنەما سەرەکییەکانی سەلامەتی ئەتۆمییە".
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی چەندین جار هۆشداری داوە کە چالاکیی سەربازی لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکان مەترسی ڕووداوی ئەتۆمی زیاد دەکات، تەنانەت کاتێکیش کە ئاستی تیشکدانەوە بە جێگیری بمێنێتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای تەواوکردنی پشکنینی پسپۆرەکانیان بۆ شوێنەکە، ڕوونکردنەوەی زیاتر دەخاتەڕوو.
ئۆکرانیا ڕووسیای بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کردووە بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە مۆسکۆ هیچ ئاماژەی بە هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە نەکردووە و ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆمیش نەی گوتووە هێرشەکە کێ کردووەیەتی.

