بەغداد – INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە عێراق،ڕاگەیاند کە پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندوە : ئەمڕۆ "نوری مالکی"سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە نووسینگەکەی خۆی پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە دیدارێکدا ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران، هەروەها گفتوگۆ لەسەر پێشهاتە سیاسییەکان و ئەو دیالۆگانە کرا کە لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا بەڕێوەدەچن بەرەو تەواوکردنی دەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتانەی کە ماونەتەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە : مالکی جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا، و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ سەپاندنی سەروەری یاسا و کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەستی دامەزراوە فەرمییەکاندا، بە جۆرێک کە شکۆی دەوڵەت بەهێز بکات و ئەمن و سەقامگیری بپارێزێت و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بپارێزێت.

هەروەک جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات،و ڕێز لە سەروەریی عێراق و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانییەکەی بگرێت، و بەشداری بکات لە پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارەکانی ئابووری،و پەروەردە،و ڕۆشنبیری و ئەمنیدا بەپێی ئەوەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.