بەغدا -INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداری دایە هاووڵاتییان لە هێنانی زیندەوەران بۆ ناو سیستمە ژینگەییەکان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی، جەختیشی کردەوە کە بەردانی ئاژەڵ و باڵندە لە ڕووبارەکان بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە، سەرپێچییەکی یاساییە.
لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتی ژینگە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: لەکاتێکدا سوپاسی گشتیی هاووڵاتییان دەکەین بۆ بایەخدان بە پرسە ژینگەییەکان و پشتگیری لەو هەوڵانە دەکەین کە لەسەر بنەمای زانستی و یاسایی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکەمان ئەنجام دەدرێن، بەڵام داوا لە هەمووان دەکەین ماددەکانی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە بخوێننەوە و پابەندی بن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: هەر سەرپێچییەک لە یاساکەدا، بە سەرپێچییەکی ژینگەیی ئەژمار دەکرێت و بەپێی قەبارەی زیانە ژینگەیییەکەی مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت،و یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە ژمارە 27ی ساڵی 2009 لە بەشی پێنجەمدا جەخت لە پاراستنی هەمەجۆریی زیندەیی دەکاتەوە، لەوانە ڕێگریکردن لە زیان گەیاندن بە ژینگەی سروشتی، و قەدەغەکردنی ڕاوکردن و بازرگانیکردن بەو ماسی و باڵندە و ئاژەڵانەی لە مەترسی لەناوچووندان.
موختار،ڕوونیشیکردەوە: یاساکە بە گشتی ڕێگری لە هێنانی هەر جۆرە ڕووەک یان ئاژەڵێک بۆ ناو ژینگە دەکات بەبێ ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ نموونە، بەردانی مریشک و مراوی لە ڕووبارەکان بەبێ مۆڵەتی وەزارەتی ژینگە قەدەغەیە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: سیستمێکی ژینگەیی وەک ڕووباری دیجلە، یان گۆم و دارستانەکان، سیستمێکی هاوسەنگن،و هەر دەستوەردانێک یان هێنانی زیندەوەرێکی نامۆ بۆ ناو ئەو سیستمە، دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی سروشتی و زیانی گەورە بە ژینگە دەگەیەنێت.



