بەغدا - INA

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەبەتەی خۆراک دەگاتە ٧ ملیۆن سوودمەندی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاندووە: دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی پرۆسەکانی وردبینی و بەراوردکردنی زانیارییەکانی نزیکەی ٧ ملیۆن هاووڵاتی لەوانەی مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە تەواو کردووە، و بە شێوەی ئەلیکترۆنی بۆ وەزارەتی بازرگانی ناردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دابینکردنی پێکهاتەکانی سەبەتەی خۆراک بۆیان.

ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەکە، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە وتی: زانیارییەکان بەپێی میکانیزمە ئەلیکترۆنییە پەسەندکراوەکان نێردراون بە جۆرێک کە وردی و خێرایی لە جێبەجێکردندا مسۆگەر بکات، و ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی بازرگانی، لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ـەوە، دەست دەکات بە پرۆسەکانی دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ ئەوانەی دەیانگرێتەوە.

وتیشی: "سەبەتەی خۆراکەکە پێنج ماددەی سەرەکی لەخۆدەگرێت کە ئەمانەن: شەکر، زەیت، شیر، چا، و ئاردی سفر، جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامی دەستەکە لە پەرەپێدانی ڕێکارە ئەلیکترۆنییەکانی و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی خزمەتگوزاری و شایستەکان بە توێژە سوودمەندەکان بە کاراییەکی بەرز.

موسەوی ئاماژەی بەوەش کرد کە دابینکردنی سەبەتەی خۆراک لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو خێزانانەی کە مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، و بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ ئەو توێژانەی کە زۆرترین پێویستییان پێیەتی.