دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەخنەی لە دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گرت بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک سەبارەت بە جەنگ و ئەو هەنگاوەی بە "بێ مانا" و "نا نیشتمانپەروەرانە" ناوبرد.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دەنگی دا بە سنووردارکردنی دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ ئێران. ئامانجی ئەم دەنگدانەش کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، ئەوەیە کە شەڕ دەبێت بە پەسەندی کۆنگرێس بێت. پڕۆژە یاساکە چوارشەممە پەسەندکرا و چوار کۆماریش دەنگیان خستە پاڵ دەنگی دیموکراتەکان کرد و بە دەنگی 215بەڵی بەرامبەر بە 208 نەخێر پەسەند کرا.
سەرۆک ترامپ لە هەژماری خۆی لە تروث سوشیاڵ سەبارەت بەم بڕیارە نووسیویەتی "کێ کارێکی ئاوا نانیشتمانپەروەرانە دەکات؟."
سەرۆک ترامپ هەروەها وتی دیموکراتەکان هێندە ڕقیان لەمنە، ئامادەن وڵات شکست بهێنێت بۆ ئەوەی من نەتوانم سەرکەوتن بەدەست بهێنم.
دیموکراتەکان دەڵێن شەڕەکە دەبێت بوەستێت مەگەر ئەوەی لە لایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە ڕێگەی پێبدرێت.
دیموکراتەکان لە ماوەی مانگ و نیوی یەکەمی شەڕەکەدا چوار جار هەوڵیان داوە دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لەم بوارەدا سنووردار بکەن، بەڵام هەر جارێک زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی سینات واتە کۆمارییەکان ڕێگرییان لە بڕیارنامەکە کردووە.
شایانی باسە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تا ڕادەیەکی زۆر ڕەمزییە، چونکە تەنانەت ئەگەر لە ئەنجومەنی سیناتیش پەسەند بکرێت، سەرۆک دەتوانێت ڤیتۆی لەسەر بکات.
بۆئەوەی بڕیارەکە لە ڤیتۆی سەرۆک بەدووربگرێت، پێویستە پڕۆژە یاساکە لانیکەم دوو لەسەر سێی دەنگەکانی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات بەدەستبهێنێت.
هەرچەندە دەستووری ئەمەریکا دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی شەڕی بە کۆنگرێس داوە، بەڵام ئەم سنووردارکردنە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کورتخایەنەکان یان کاتێک ئەمەریکا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی جددی دەبێتەوە، ناگرێتەوە.
کۆشکی سپی چەندین جار ڕایگەیاندووە کارەکانی دۆناڵد ترامپ یاساییە و لە چوارچێوەی مافەکانی وەک فەرماندەی گشتیدایە؛ ئەو دەسەڵاتەی کە بە سەرۆک سپێردرابوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی شەخسی فەرمانی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی سنووردار بکات بۆ پاراستنی ئەمەریکا.



